گڵۆپی سەوزی بەغداد بۆ نەوتی هەرێم؛ مووچە بە مەرجی نەوت
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و دۆسیەی نەوت، ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان درا.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و مەرجەکەی بەغداد
سەرچاوەیەکی سیاسی لە بەغدادەوە بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا گوشاری خستووەتە سەر شاندی هەرێم و ڕایگەیاندووە: "دەبێت کۆمپانیا نەوتییەکان بەپەلە دەست بەکارەکانیان بکەنەوە، چونکە دۆخی دارایی عێراق نالەبارە."
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و زانیارییەکانی لەلایەن سەرچاوەی دیکەوە بۆ پەنجەرە پشتڕاست نەکرایەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە مەرجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
ئەم قسانەی زەیدی وەک کارتێکی گوشار دەبینرێت لەسەر کەرتی نەوتی هەرێم، کە چەند مانگێکە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی تێدا ڕاگیراوە. دەستبەجێ دوای کۆبوونەوەکەش، میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویانکردەوە کە کۆمپانیا بیانییەکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت دەکەنەوە.
دۆخی مەیدانی کێڵگەکان و دوودڵی کۆمپانیا بیانییەکان
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان تیمە تەکنیکییەکانیان ئامادە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، بەڵام هێشتا ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هێرشە درۆنییەکان هەیە.
لە چەند کێڵگەیەکی نەوتیدا پرۆسەی کارکردن دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە کێڵگە سەرەکییەکانی وەک (شێخان، سەرسەنگ، و ئەتروش) هێشتا بەرهەمهێنانی نەوت بە تەواوی دەستپێنەکراوەتەوە.
بیانووی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ڕاگرتنی کارەکانیان تەنها دۆخی ئەمنی هەرێم نییە، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا گرووپە چەکدارە شیعییەکان هێرشیان کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی بەسڕەش، بەڵام لەوێ کۆمپانیا بیانییەکان بەردەوام بوون لە کارەکانیان.
فاکتەری ئێران و سەرنەگرتنی گەشتە دیپلۆماسییەکە
پێشتر بڕیاروابوو شاندێکی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان سەردانی تاران بکەن، تاوەکو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببنەوە و سنوورێک بۆ هێرشی ئەو گرووپە چەکدارە شیعییانە دابنێن کە لەژێر ڕێنمایی تاراندا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و بەسرە دەکەنە ئامانج.
سەرەڕای ئەوەی سەردانی شاندە هاوبەشەکە بۆ ئێران ئەنجام نەدرا، بەڵام ماوەیەکە دۆخەکە هێوربوونەوەی بەخۆوە بینیوە و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ڕاگیراون، ئەمەش دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان دەست بەکار بکەنەوە.