ئەجێندایەکی سیاسی بۆ چەککردنی پێشمەرگە مەسعود بارزانی دێنێتە دەنگ

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ

ئەجێندایەکی سیاسی بۆ چەککردنی پێشمەرگە مەسعود بارزانی دێنێتە دەنگ

پەنجەرە

لەدرێژەی جێبەجێکردنی پرۆسەی داماڵینی هێزە چەکدارەکان لە چەک، لە پشت پەردەی بڕیارە سیاسییەکانی بەغداوە هەوڵێک لەئارادایە بۆ هاوتاکردنی پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ئامانجی ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوودا داوای چەکدانانی پێشمەرگەش بکرێت. ئەم هەنگاوە تەمومژاوییەش کاردانەوەی توندی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی لێکەوتەوە.

پلانی شاراوە لەژێر چەتری چەکدانانی میلیشیاکاندا

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، زانیاریی تایبەتی بە پەنجەرە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: "گومانێکی جدی هەیە کە لەژێر چەتری داماڵینی میلیشیا شیعەکان لە چەک، پلانێک لە دژی هێزی پێشمەرگە لە ئارادا بێت."

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند کە رەنگە پرسی لەچەک داماڵینی هێزە عێراقییەکان وردە وردە بەرۆکی پێشمەرگەش بگرێت و ببێتە بەشێک لە ئەجێندای سیاسیی بەغدا. هاوکات ئاماژەی بە ئەگەرێکی دیکە کرد کە کار بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی نوێ دەکرێت، تاوەکو لە رێگەیەوە پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لەژێر یەک چەتردا کۆبکرێنەوە و پێگەی یاسایی و مێژوویی پێشمەرگە هاوتای هێزە لۆکاڵییەکانی دیکە بکرێت.

بارزانی: چەکی پێشمەرگە کەرامەت و بیروباوەڕە نەک پارچە ئاسن

ئەم جۆرە لێکدانەوە و حیساباتە سیاسییانەی بەغدا، کاردانەوەی خێرای  لێکەوتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکی توندی بڵاوکردەوە و هۆشداریی دایە لایەنە عێراقی و هەرێمییەکان.
بارزانی لە راگەیەنراوەکەیدا رایگەیاند:”ماوەیەكە بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتووەتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لەوبارەیەوە لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە."
سەرۆکی پارتی بە توندی بەرپەرچی نەیارانی پێشمەرگەی دایەوە و پێناسەی راستیی چەکی هێزە کوردییەکانی کرد بەوەی کە:
"چەكی پێشمەرگە، پارچەئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەكی پێشمەرگە مێژوو، فیداكاری، كەرامەت و بیروباوەڕیەتی. ئەم چەکە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل، خاك و نیشتیمانەكەی هەیەتی."
ئەم کێشمەکێشمە نوێیەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی چەک و مانەوەی هێزە چەکدارەکان، دەلالەت لە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزیی پەرتبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان دەکات، بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان چەکی پێشمەرگە وەک هێڵێکی سووری نیشتمانی و دەستووری دەبینێت کە ناتوانرێت بە هیچ هێز و میلیشیایەکی دیکە بەراورد بکرێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو