ڕێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران؛ بریندارێک کە چۆک دانادات

٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ

ڕێککەوتنی کاتیی نێوان واشنتۆن و تاران؛ بریندارێک کە چۆک دانادات

پەنجەرە 

ئامانجی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، شکاندنی شکۆی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام لەبری ئەوە، هەردوولا بەرەو ڕێککەوتنێکی کاتی هەنگاو دەنێن؛ ڕێککەوتنێک کە تێیدا ئێران بە جەستەیەکی پڕ لە برینەوە، بەڵام بەبێ شکان دەمێنێتەوە.

وا دیارە ئێران لەم شەڕەدا بە ئابوورییەکی داڕماو و ژێرخانێکی سەربازیی زیانپێگەیشتووەوە دێتە دەرەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەژموون و دەسەڵاتی سوپای پاسداران زیاتر لە جاران جێگیر بووە.

دیپلۆماتکاران، بەرپرسان و شیکەرەوانی سیاسی پێیانوایە، تەنانەت ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا یاداشتی لێکتێگەیشتنیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت، نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی، بەڵکو تەنیا وەک ئاگربەستێکی کاتی دەبێت.

سازش لەپێناو کاتدا: هورمز و گوشارە ئابوورییەکان

شارەزایان پێشبینی دەکەن کە دەرەنجامی ئەم دۆخە بریتی دەبێت لە گرێبەستێک بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمز، 
 کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر بازاڕە ئابوورییەکانی جیهان و سەر ئێران. هەروەها دۆزینەوەی دەرەچەیەکی سیاسی بۆ دۆناڵد ترەمپ، لەکاتێکدا دۆسیە ئاڵۆزەکان بۆ کاتێکی تر دوادەخرێن.

دینیس ڕوس، دیپلۆماتکاری باڵای پێشووی ئەمریکا دەڵێت:”سەرکەوتنی سەربازیی تاکتیکیی نائاسایی بەدی هاتوون، بەڵام هیچ دەستکەوتێکی ستراتیژیی بنەڕەتی بەدەست نەهاتووە و هیچ دۆسیەیەکیش دانەخراوە.”

 مەودایەکی تەسک بۆ پێکهاتن

دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، ترەمپ باسی لە ئامانجگەلێکی وەک "لەناوبردنی هەڕەشە دەستبەجێیەکانی ئێران" کرد، بەتایبەت بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییە بالیستییەکانی، هانی ئێرانییەکانیشی دا کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەیان بگرنە دەست.

بەڵام بەپێی ئەو یاداشتەی ئێستا ل ئامادەکردندایە و ئاژانسی "رۆیتەرز" هێڵە گشتییەکانی لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستکەوتووە، ئێران کۆتایی بە گەمارۆدانی گەرووی هۆرموز دەهێنێت (کە شادەماری نەوتی جیهانە)، لە بەرامبەریشدا هاوکاریی دارایی وەردەگرێت لە ڕێگەی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی یان سووککردنی سنوورداری سزاکان.

بەرپرسانی ئێران، ڕێککەوتنی سنووردار وەک دەرفەتێک بۆ کات کڕین، دابینکردنی دارایی و کۆنترۆڵکردنی مەترسییە ناوخۆییە پەرەسەندووەکان (کە بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە دروست بوون) دەبینن، بەبێ ئەوەی ناچار بن دەست بۆ دۆسیە هەرە هەستیار و ئاڵۆزەکان ببەن.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ کە چاوی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسە لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێویستی بە جۆرە ڕێککەوتنێکە کە بتوانێت وەک دەستکەوتێک لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا نیشانی بدات، بەتایبەت لە پرسی یۆرانیۆمی پیتينراو بە ڕێژەی بەرز.

هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگ وەک خۆیان دەمێننەوە

جەوهەری کێشەکە بێ چارەسەر دەمێنێتەوە؛ ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، واشنتۆن ئامادە نییە گەرەنتیی ئەمنیی بە تاران بدات، ئیسرائیلیش سوورە لەسەر گەمارۆدانی دوژمنێک کە وەک هەڕەشەیەکی جەوهەری لێی دەڕوانێت. لە بەرامبەردا، ئێران پێیوایە پاراستنی جبەخانە مووشەکییەکەی، تۆڕی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و توانای تێکدانی هەناردەی وزە لە کەنداودا، تاکە ڕێگەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی داهاتوو.

ئالان ئایر، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکی و شارەزای کاروباری ئێران دەڵێت:”ئەوەی ترەمپ لە ڕووی سیاسییەوە پێویستی پێیەتی و ئەوەی ئێران ئامادەیە پێشکەشی بکات، ڕەنگە نزیک بن لەیەکەوە، بەڵام مەودای ڕێککەوتنی ڕاستەقینە لە نێوانیاندا زۆر تەسکە. ستراتیژییەکە ئێستا بریتییە لە: ڕێککەوتن لە ئێستادا و دواخستنی هەموو کێشە ئاڵۆزەکان بۆ قۆناغی دووەم، کە پێناچێت ئەو قۆناغە هەرگیز بێت.”

ئاگربەستێکی کورتخایەن

دوو سەرچاوەی ناوچەیی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە ترەمپ لە کۆتاییدا بە ئاگربەستێکی کورتخایەن و بەڵێنێکی ناڕوون سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراو ڕازی دەبێت، لەکاتێکدا گەرووی هورمز هەر لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا دەمێنێتەوە. 
شیکەرەوەکان دەڵێن واشنتۆن ئیتر وەک جاران جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران ناکاتەوە، سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئاستەنگی زۆر لە ڕێگەکەدا هەن، لەوانە:
١- داواکاریی ئێران بۆ بەستنەوەی هەر ڕێککەوتنێک بە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا لە لوبنان.
٢- گوشارەکانی ترەمپ لەسەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر بەیرووت و ناوچەی باشوور، لە ترسی ئەوەی گرژییەکان ڕێککەوتنی گەرووی هورمز پەکبخەن.
٣- پێداگریی ئێران لەسەر ئازادکردنی دەستبەجێی ١٢ ملیار دۆلاری بلۆککراو وەک مەرجێکی سەرەکی.

ئەمەش ترەمپ دەخاتە بەردەم مەترسیی بەراوردکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی باراک ئۆباما، کە خۆی لە ساڵی ٢٠١٨ لێی کشانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو