وتەبێژی پاک رەتیدەکاتەوە حسێن یەزدانپەنا دەستگیرکرابێت: لە شوێنێکی پارێزراوە و نایەوێت دەرکەوێت
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی حسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی حزبەکەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن و رایدەگەیەنێت کە ناوبراو لە شوێنێکی تەواو پارێزراودایە.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە رایگەیاند: "کاک حسێن یەزدانپەنا دەستگیرنەکراوە، بەڵکو لە شوێنێکی پارێزراودایە و خۆی لەم دۆخەدا نایەوێت چاوپێکەوتن و دەرکەوتنی میدیایی هەبێت."
سەبارەت بە هۆکاری دوورکەوتنەوەی سەرۆکی پارتەکەیان لە چاوی کامێراکان، نادری بۆ پەنجەرە روونیکردەوە: "کاک حسێن لە ئێستادا زۆر دەرناکەوێت، تەنانەت خۆی لە قسەکردن و لێدوان بۆ دەزگا راگەیاندنە جیهانییەکانیش دەپارێزێت؛ ئەمەش وەک هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بۆ ئەوەی هیچ قسە و لێدوانێکی نەبێتە هۆکار یان بیانوو بە دەست کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئەوەی گوشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر بکاتەوە."