ناکۆکی قووڵی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەسەر چەکدانان؛ فشاری ئەمریکا و ئەگەری پەنابردن بۆ نەجەف
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکی نێوان گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرانبەر بە دۆسیەی "کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا" قووڵتر دەبێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی نوێی عێراق لەژێر فشاری توندی ئەمریکا و هەڕەشەی سەپاندنی سزاکاندا، هەوڵەکانی لەم ئاراستەیەدا خێراتر کردووە.
لە کاتێکدا گرووپەکانی وەک "سەرایای سەلام"، "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتائیبی ئیمام عەلی" ڕایانگەیاندووە کە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بە حەشدی شەعبین دەپچڕێنن و دەیانخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان (کە بەپێی دەستوور سەرۆک وەزیرانە)، گرووپەکانی دیکە پێداگری لەسەر هێشتنەوەی چەکەکانیان دەکەن لەژێر ناوی (المقاومة)".
بەرەی ڕەتکەرەوەی ڕادەستکردنی چەک
"کەتائیبی حزبوڵا" بە ڕێبەرایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی و "بزووتنەوەی نوجەبا" بە ڕێبەرایەتی ئەکرەم کەعبی، بە ڕەسمی ڕەتیانکردەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. ئەوان لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا ئاماژەیان بەوە کردووە کە "هۆکارەکانی هێشتنەوەی چەک هێشتا بەردەوامن".
هاوکات "کەتائیبی سەیدولشوهەدا" بە ڕێبەرایەتی ئەبو ئالا وەلائی، تا ئێستا دەستی بە چەکەکەیەوە گرتووە و هەڵوێستی کۆتایی خۆی ڕانەگەیاندووە. ئەم گرووپە پێگەیەکی سیاسی تایبەتی هەیە، چونکە بە پێچەوانەی حزبوڵا و نوجەبا، بەشداری پرۆسەی سیاسییە و نوێنەری لە پەرلەماندا هەیە.
سەرچاوە سیاسییەکان لە بەغداوە بۆ ڕۆژنامەی "العربي الجديد" ئاشکرایان کردووە کە: لە نێوان ٥ بۆ ٧ گرووپی چەکدار ڕەتیدەکەنەوە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان بخەنە ژێر چاودێری حکومەت یان ناوی فەرماندە پلە باڵاکانیان ئاشکرا بکەن.
دیارترین ئەو گرووپانە بریتین لە: کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا، سەیدولشوهەدا، بەدەلا، ئەوفیا، و ئەولیای دەم.
رایەک هەیە کە ئەگەر حکومەت لەم دۆسیەیەدا بگاتە بنبەست، پەنا بۆ وەرگرتنی فەتوای ئایینی لە نەجەف (مەرجەعییەت) ببات، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و دوورخستنەوەی لە مەترسیی و هێرشە دەرەکییەکان.
چەک وەک بیروباوەڕ و پرسی سەروەریی
مەهدی کەعبی، یەکێک لە سەرکردەکانی "بزووتنەوەی نوجەبا" لە لێدوانێکدا بۆ "العربي الجديد" ڕایگەیاند: "چەکی گرووپەکانی مقاوەمە بابەتێکی بیروباوەڕی و نەگۆڕە و بەستراوەتەوە بە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکارییەوە. ئەم چەکە هەرگیز دژی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوەکانی نەبووە، بەڵکو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەرێکە کە هێشتا هۆکارەکانی مانەوەی بەردەوامن."
کەعبی جەختیشی کردەوە کە دۆسیەی چەک پێویستە وەک بابەتێکی ناوخۆیی و نیشتمانی عێراق بمێنێتەوە و لە دەرەوەی فشار و دەستوەردانی ئەمریکا یان هەر لایەنێکی دیکە گەنگەشە بکرێت.
دیدگای ستراتیژی: چەک تەنها بۆ دەوڵەتە
لەلایەکی دیکەوە، جاسم غەرابی، پسپۆڕی کاروباری ستراتیژی بە "العربي الجديد"ی ڕاگەیاندووە کە سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەروەری یاسا لە عێراقدا. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ پاساوێکی یاسایی یان ئەمنی نییە بۆ مانەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان.
غەرابی چەند خاڵێکی گرنگی خستەڕوو:
گۆڕانی بارودۆخەکە: ئەو بارودۆخەی بووە هۆی دەرکەوتنی ئەم گرووپە چەکدارانە (شەڕی داعش) گۆڕاوە، ئێستا دامەزراوە سەربازییەکانی دەوڵەت بەهێز بوونەتەوە.
مەترسییە نێودەوڵەتییەکان: مانەوەی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، عێراق دەکاتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سەرکەوتنی حکومەت: بە پێچەوانەی حکومەتەکانی پێشوو، ئەم حکومەتەی ئێستا چانسی زیاتری هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، بەهۆی ئەو پاڵپشتییە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەی کە هەیەتی.
دەرەنجام
بۆ چەندین ساڵ، دۆسیەی چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی عێراق مابووەوە و هەوڵی حکومەتەکانی پێشوو بەهۆی تێهەڵکێشییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە شکستیان هێنابوو. بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانە و فشاری ئەمریکا، لەگەڵ هەڵوێستی ئەرێنی چەند گرووپێکی دیار بۆ پچڕانی پەیوەندییان لەگەڵ باڵە چەکدارەکان و پاڵپشتی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕەنگە ئەمجارە پرۆسەکە بەرەو ئاراستەیەکی جیاواز بڕوات.