بۆچی مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان دروستبووە؟
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دیاریکردنی تۆم باراک وەک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، شەپۆلێک لە دڵەڕاوکێ و ترسی لە ئەگەری سەرهەڵدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیاسەتی واشنتۆن لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە، هەندێک جوڵە بۆ تێکەڵکردنی کارتی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ میلیشیاکان، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی هێنایە دەنگ؛ بارزانی بە توندی هۆشداریدا لە هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ پرسی پێشمەرگ، بەوپێیەی وەک هێڵێکی سووری نەبەزێنراوی هەرێم سەیر دەکرێت.
ستراتیژی بەغدا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم
ئەوەی لە ئێستادا وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، تەنیا لەدەستدانی دۆسیەی نەوت نییە؛ بەڵکو ههنگاوهکانی بەغدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگە دارایی و سەربازییەکانی هەرێم، کە پێدەچێت قۆناغ بە قۆناغ خواستی جێبەجێکردنی هەبێت.
١- دەروازە سنوورییەکان
دوای ئەوەی دۆسیەی نەوت بەتەواوەتی لەژێر دەستی هەرێم دەرهێنرا، پشتبەستنی دارایی هەولێر بە بەغدا گەیشتووەتە لووتکە، بەجۆرێک هەرێم مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی چاوی لە دەستی حکومەتی ناوەندییە. لە ئێستاشدا، بەغدا لەرێگەی کارپێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆداوە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دەرهێنانی داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
٢. پرسی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی
هاوشانی گوشارە ئابوورییەکان، جووڵەیەکی نوێ هەیە بۆ گۆڕینی پێگەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم. پلانەکە بریتییە لە دەرهێنانی هێزی پێشمەرگە لە ژێر چەتری فەرماندەیی هەرێم و کۆکردنەوەیان لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی یەکگرتووی عێراقدا، یان هێنانەکایەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پێکهاتەی ئێستای هێزەکاندا.
٣. سیناریۆکانی داهاتوو: مەترسی لەسەر پێگەی دیپلۆماتی
ئەم دەستبردنە بۆ جومگە دارایی و سەربازییەکان، بەشێکە لە زنجیرە ڕێوشوێنێکی درێژخایەنی عێراق دژی قەوارەی هەرێم. چاودێران پێشبینی دەکەن لە قۆناغەکانی داهاتوودا، بەغدا داوای داخستنی نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لە دەرەوە و چەندین داواکاریی تریش بکات.
٤. هەڵوێستی هاوپەیمانان و بێئومێدبوون لە پارتی و یەکێتی
ترسە گەورەکە لێرەدایە: ئەمریکا و هاوپەیمانان ساڵانێکە داوای یەکخستن و بەنیشتمانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام سووربوونی پارتی و یەکێتی لەسەر هێشتنەوەی هێزەکان بە حزبی، هاوپەیمانانی بێئومێد کردووە. ئێستا ئەم مەترسییە هەیە کە ئەمریکا لە چوارچێوەی سەفقەیەکی سیاسی و سەربازیدا لەگەڵ بەغدا، دەستبەرداری پشتگیریکردنی ئەم دۆسیەیە ببێت.