سێ ساڵ بێمووچەیی؛ دەرهاویشتە داراییەکانی بڕیارە سیاسییەکانی کۆمەڵی دادگەری
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نزیکەی سێ ساڵە مووچەی نوێنەرانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم ڕاگیراوە، هاوکات بەهۆی دەستبەکارنەبوونی دوو کاندیدی نوێی حیزبەکە لە پەرلەمانی کوردستان، لە مافە داراییەکانیان بێبەش کراون.
دوای ئەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری لە ١ی ئایاری ٢٠٢٣دا بڕیاری فەرمی کشانەوەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتە خۆجێیەکان ڕاگەیاند، پڕۆسەکە بە جۆرێک بەڕێوەچوو کە تەنها ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان کشانەوە؛ ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی سێ ساڵە مووچەکانیان ببڕدرێت. لە بەرامبەردا، نوێنەرانی ئەو حیزبە لە پۆستەکانی حکومەتە خۆجێیەکاندا لەسەر کارەکانیان مانەوە و تائێستاش بەردەوامن.
له لایهکی دیکهوه و لەسەر ئاستی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆی سێ کاندیدی نوێی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کە بڕیار بوو بچنە پەرلەمان، دووانیان لەسەر بڕیاری حزبەکانیان نەچوونە پەرلەمان و تا ئێستاش سوێندی یاساییان نەخواردووە. ئەم ڕەتکردنەوەی دەستبەکاربوونە وایکردووە کە ئەو دوو ئەندامە لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا بە تەواوی لە وەرگرتنی مووچە و شایستە داراییەکانی پەرلەمانتاری بێبەش بن.