داهاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو لە دوای شەڕ؛ متمانەیەک کە درزی قوڵی تێکەوتووە
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لهو کاتەوەی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵگیرساوە، وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی هەزاران هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە.
لە سێبەری ئەم گرژییە بەردەوامەدا، کوێت ڕایگەیاند کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی بەرپەرچی هێرشێکی چڕی مووشەکی و درۆنییان داوەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی ڕادار و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باشووری ئێران.
وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، بەهۆی نزیکیی جوگرافییان لە ئێران و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ واشنتۆن، لەو لایەنەنەن کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنی و لێکەوتەی ئەم گرژییە هەرێمییانەیان بەردەکەوێت.
پرسیاری قۆناغی دوای شەڕ
لەسەر ئاستی دوورمەودا، ئەگەر شەڕەکە لە ڕێگەی ڕێککەوتن و دانوستانەوە کۆتایی بێت و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێش: پەیوەندییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی کەنداو لە قۆناغی دوای شەڕدا چۆن بەڕێوەدەچێت؟
لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو بە واشنتۆنیان ڕاگەیاندووە کە تەنها کۆتاییهاتنی شەڕەکە بەس نییە، بەڵکو دەبێت سنوورێک بۆ تواناکانی ئێران دابنرێت تا نەتوانێت لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە هەڕەشە لە ناوچەکە بکات.
بابەک دوربێکی، شرۆڤەکاری سیاسی نیشتەجێی لەندەن و بەرپرسی پێشوو لە ناوەندی توێژینەوە ستراتیژییەکانی ئێران، بە تۆڕی DW ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئێران و ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، و ئێران لە دۆخی دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا بێتە دەرەوە، ئەوا پێویستە لەسەر تاران هەنگاوی دیپلۆماسی و ئابووری گرنگ بنێت بۆ چاککردنی پێگەی هەرێمی خۆی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی."
دوربێکی ڕوونیکردەوە کە ئەو وڵاتانەی کەنداو کە لەم شەڕەدا لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، لە ڕوانگەی تارانەوە وەک " بێلایەن" سەیر ناکرێن، بەڵکو ئێران پێیوایە ئەوان بە شێوازی جیاواز بەشداربوون لەو گوشارانەی خراونەتە سەری؛ چ لە ڕێگەی خانەخوێکردنی هێزەکانی ئەمریکاوە بێت، یان پێشکەشکردنی هاوکاری لۆجستی، یاخود پاڵپشتی ناڕاستەوخۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەسەر ئاستی کورتخایەن، دراوسێکانی ئێران بە گومان و وریاییەکی زیاترەوە دەڕواننە تاران. لێکەوتەکانی ئەمەش تەنها سنووردار نابێت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەڵکو بازرگانی، ژێرخانی هەرێمی، و پڕۆژەکانی داهاتووی گواستنەوە و وزەش دەگرێتەوە.
وڵاتانی کەنداو هەوڵی سەقامگیری هەرێمی دەدەن
لە کۆتایی مانگی نیساندا، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان لە شانشینی عەرەبی سعوودیە ئەنجامدا، بەمەبەستی هەماهەکردنی وەڵامێکی هاوبەش بۆ هێرشەکانی ئێران.
لە نێوان هەڵگیرسانی شەڕەکە لە ٢٨ی شوبات و ڕاگەیاندنی ئاگربرست لە ٨ی نیساندا، ئێران زیاتر لە ٤٠٠٠ مووشەک و درۆنی ئاڕاستەی ئامانجەکانی لەناو خاکی وڵاتانی کەنداو کردووە، کە زۆربەیان تێکشکێنراون.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ئەم هێرشانە، ئابووریی و ژێرخانی وڵاتانی کەنداو هێشتا لە دۆخێکی لەرزۆکدان بەهۆی بەردەوامی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا. لە کاتی گفتوگۆکانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لە مانگی نیساندا، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هۆشداری دا لە ئەگەری سەرهەڵدانی "ململانێیەکی بەستوو" (Frozen Conflict) کە پێدەچێت "هەر کاتێک هۆکارە سیاسییەکانی بڕەخسێت" دووبارە بتەقێتەوە.
لەم پێوەرەدا، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە پێویستە ئێران هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ ڕابگرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی بدرێت بەرەو پێش بچێت. لە لایەکی دیکەوە، سعوودیە هۆشداری دایە تاران لە کردنه ئامانجی شانشینەکە یان هەر وڵاتێکی تری کەنداو.
لە کاتی ئەم شەڕەی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل، پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەندێک لەو وڵاتانەش تێکچوو کە پێشتر هاوسۆزی بوون.
سەرەڕای بوونی ڕکابەری، بەتایبەت لە بازاڕەکانی نەوت و گازدا، جۆرێک لە هاوسەنگیی پراکتیکی لە ئارادا بوو. بەڵام ئێستا لەگەڵ زیادبوونی بێ متمانەیی بەرامبەر بە تاران، پێدەچێت وڵاتانی کەنداو هان بدرێن بەرەو هەماهەنگی زیاتر لە نێوان خۆیاندا، ئەمەش لێکەوتەی وای دەبێت کە لە سیاسەت تێپەڕێت و بازرگانی، لۆجستی و گەشەپێدانی درێژخایەنیش بگرێتەوە.
جوگرافیا لە سیاسەت بەهێزترە
ڕەزا عەلیجانی، شرۆڤەکاری سیاسی نیشتەجێی پاریس، پێیوایە نزیکیی جوگرافی نێوان ئێران و دراوسێکانی "جۆرێک لە ڕێککەوتن دەسەپێنێت."
ئەو دەڵێت: جوگرافیا هەمیشە لە سیاسەت بەهێزتر دەمێنێتەوە، چونکە ئەم وڵاتانە بۆ هەمیشە هاوسێی یەکتر دەبن."
بەڵام عەلیجانی جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازییەکی ڕوون هەیە لە نێوان "بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان" و "بنیاتنانەوەی متمانە"دا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامی هەرە پێشبینیکراو ئاشتەواییەکی ڕاستەقینە نابێت، بەڵکو تەنها کەمکردنەوەیەکی تاکتیکی دەبێت لە دەرخستنی دوژمنکارییە ئاشکراکان.
ئەو ڕوونیکردەوە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی لە سێکتەرەکانی هەناردەکردنی وزە، بازرگانی و سەقامگیری هەرێمیدا، لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ئەوەی هەردوولا ناچار بن جۆرێک لە "پێکەوەژیانی سنووردار" قبوڵ بکەن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی دوژمنکاری نایەت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ شێوازێک لە ڕکابەریی بێدەنگ کە بە وریاییەوە بەڕێوە دەبرێت.
دژواریی بەدیهێنانی سەقامگیری بەبێ ئێران
کۆماری ئیسلامی بەشێکی زۆری هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای مووشەک، درۆن و گروپە چەکدارە بریکارەکانی (میلیشیاکان) بنیات ناوە. ئەم شێوازەش بۆ چاوترسێنکردنی نەیارە بەهێزەکانی و فراوانکردنی نفوزی خۆی داڕێژراوە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بکەوێتە ناو شەڕەوە.
لە دوای ئەم شەڕەی ئێستاو لەگەڵ پاشەکشەی تواناکانی هەندێک لە بریکارەکانی ئێران (وەک حزبوڵا و میلیشیا شیعەکانی عێراق)، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی عەرەبی زیاتر سەرنج بخەنە سەر بەرگری هاوبەش، هەماهەنگی ئابووریی و دۆزینەوەی ڕێڕەوی جێگرەوەی وزە و بازرگانی، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی گوشارەکانی ئێران لەسەریان.
دوربێکی ئاماژە بەوە دەکات کە گومانی دوولایەنە بەرامبەر بە تاران، دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و هاوبەشەکانیان هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوانیان بەهێزتر بکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دابڕینی زیاتری ئێران لەو ڕێڕەوە بازرگانییە نوێیانە و هێڵەکانی گواستنەوە و ژێرخانی داهاتووی وزە. لەگەڵ ئەوەشدا، دوربێکی پێی وایە کە هیچ سیستمێکی هەرێمی ناتوانێت بە تەواوی سەقامگیر بێت ئەگەر ئێران بۆ هەمیشە لە دەرەوەی ئەو هاوکێشەیە بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، ئاساییکردنەوەی ڕاستەقینەی پەیوەندییەکان پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە سیاسەتی هەرێمیی تاراندا، بە جۆرێک کە شێوازێکی کەمتر شەڕەنگێزانە لەگەڵ ڕۆژئاوادا بگرێتەبەر، لەگەڵ هەوڵی بەردەوام بۆ دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ کە ئێران بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت نەک سەپاندنی هەژموونی خۆی بە هێز. بەڵام لە ئێستادا، کردەوە دوژمنکارییەکان هێشتا بەردەوامن و ڕژێمی ئێرانیش لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و دەستی بە سیاسەتەکانی پێشوویەوە گرتووە.