نەبیل مەرسومی: داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی پێنجدا نزیکەی یەک ملیار دۆلار بووە
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نەبیل مەرسومی، شارەزای دیاری بواری ئابووریی، ئامار و زانیاری نوێی لەبارەی قەبارەی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و داهاتەکەی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ئاشکرا کرد، کە تێیدا تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە جێگیربوونی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو شارەزایە ئابوورییە، لە مانگی ئایاردا تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی گەیشتووەتە 233,000 بەرمیل. لەم بڕە، نزیکەی 20,000 بەرمیلی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بووە، لە کاتێکدا بڕی سەرەکی و ماوەکەی تر لە نەوتی کەرکوک و کێڵگەکانی باکوور و ناوەڕاست پێکهاتووە کە لەگەڵ نەوتی کەرکوکدا تێکەڵ کراون.
مەرسومی لە زاری سەرچاوە پسپۆڕەکانەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەناردەی نەوتی عێراق لە هەمان مانگدا و لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، گەیشتووەتە 96,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەسەر ئەم بنەمایە، کۆی گشتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا گەیشتووەتە 329,000 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش ڕێک هاوتای ئەو بڕە نەوتەیە کە عێراق لە مانگی نیسانی پێشوودا هەناردەی کردبوو.
سەبارەت بە لایەنی دارایی و داهاتی بەدەستهاتووش، نەبیل مەرسومی پێشبینی دەکات کە کۆی داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئایار بگاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی.