لە پزیشکێکی "شێتەوە" بۆ نەخۆشێکی بێدەرەتان؛ ئایا پزیشکێکی موسڵ بەهۆی مردنی دایکیەوە شێت بووە؟
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و زانیارییان دەربارەی کەسێک بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەو کەسە پزیشکێکە بە ناوی "محەمەد ساڵح ئەلعوبێدی".
بەپێی دەنگۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناوبراو نەشتەرگەری بۆ دایکی خۆی کردووە و دایکی لەژێر دەستیدا گیانی لەدەستداوە، ئەمەش بووەتە هۆی تووشبوونی بە شۆکی دەروونی و دواجار شێتبوونی.
دەرکەوت کە ئەم گێڕانەوەیە دوورە لە ڕاستییەوە؛ ئەمەش دوای یوتوبەرێکی عێراقی لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی سەکۆی "تیک تۆک"ەوە چاوی بەو کەسە ڕاستەقینەیە کەوت کە وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە، و ڕاستییەکانی ئاشکرا کرد کە بە تەواوی جیاوازن لەو دەنگۆیانەی بڵاوبوونەتەوە.
ئەو گەنجە یوتیوبەرە ڕوونکردنەوەی دا کە ناوی ڕاستەقینەی ئەو کەسە “قوسەی"ـە و نەک “د. محمەد ساڵح” و پزیشکیش نییە.
هەروەها جەختیکردەوە کە دایکی هێشتا لە ژیاندا ماوە و تەواوی ئەو بانگەشانەی دەکرا گوایە دایکی بەهۆی هەڵەی پزیشکیی ئەوەوە گیانی لەدەستداوە، ناڕاستن.
لە منداڵییەوە بەدەست هەوکردنی پەردەی مێشکەوە دەناڵێنێت
بەپێی ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا هاتووە، "قوسەی" لە تەمەنی منداڵییەوە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک (التهاب السحايا) بووە، ئەم نەخۆشییەش بۆ ماوەی چەندین ساڵ کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری تەندروستی دروستکردووە. لە ڤیدیۆکەشدا دەردەکەوێت کە داوای یارمەتی و دابینکردنی چارەسەری پزیشکیی پێویست دەکات.
یوتوبەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە قوسەی لە شاری مووسڵی عێراق نیشتەجێیە و لە بارودۆخێکی زۆر سەختی ئابووریدا و لەناو خانویەکی وێرانەدا لەگەڵ دایکە بەتەمەنەکەی و براکەیدا دەژی کە ئەویش کەمئەندامە و کێشەی لە یەکێک لە قاچەکانیدا هەیە.
ئەم ڤیدیۆیە کاردانەوەیەکی بەربڵاوی لەنێوان بەکارهێنەراندا دروستکرد. بەشداربووان داوایان کرد کە پێویستە پێش بڵاوکردنەوەی چیرۆکی پشتڕاستنەکراوە بەدواداچوونی ورد بکرێت، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ژیان و باری مرۆیی کەسەکانەوە هەیە. هەروەها جەختیان لە گرنگیی پشتبەستن بە زانیارییە باوەڕپێکراوەکان کردەوە و داوایانکرد خەڵک بەدوای ئەو دەنگۆیانەدا نەڕوات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە.