پەنجەرە ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاشکرا دەکات
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، دۆسیەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نانەوتییەکان بووەتە جێی مشتومڕ، بە جۆرێک بەغدا مەرجی تر دەخاتە بەردەم هەرێم بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی.
سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پێشنیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، کە تێیدا هاتووە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەوە، پێویستە عێراق تەنها ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی لە هەرێم وەربگرێت.
مەرجەکەی وەزیری دارایی عێراق
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پێشنیارەکەی هەرێم لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە ڕەتکراوەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وتوویەتی: "بە کەمتر لە وەرگرتنی ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ڕازی نابین و دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە ١٢٠ ملیار دینار رادەستی بەغدا بکات."
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی ڕابردوودا کەمتر لەو بڕە پارەیەی لە داهاتی نانەوتی ناردووە، بۆیە پێویستە ئەو کورت هێنانە لە پشکی بودجەی هەرێم ببڕدرێت.
قەرزەکانی ساڵی ڕابردوو؛ کێشەیەکی تر
لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە لە کاتی گفتوگۆکاندا وەزیرێکی تری کابینەکەی زەیدی هاتووەتە دەنگ و وتویەتی: "له ساڵی ڕابردوودا، بەغدا پارەی زیاتری لەو پشکە بۆ هەرێم ناردووە کە بۆی دیاریکراوە، بۆیە پێویستە ئەم گرفتە داراییەش بە زوویی چارەسەر بکرێت ."
ئەم مشتومڕە نوێیەی نێوان هەولێر و بەغدا لە کاتێکدایە، کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕێککەوتنی کۆتایی و جێگیرن بۆ دابینکردنی مووچەکانیان بە بێ دواکەوتن.