پرسی پێشمەرگە؛ ئاڵۆزییەکی شاراوە و بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ داهاتوو
٥ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی تێکەڵکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و گروپە چەکدارەکانی عێراق (میلیشیا شیعەکان) ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم بابەتە چوارچێوەی فەرمی وەرنەگرتووە.
جیاوازیی دەستووریی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی تر
سەرچاوە باڵاکەی حکومەت لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "بابەتی تێکەڵکردنی کارتی پێشمەرگە و میلیشیا شیعەکان تەنیا قسەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک لە پەرلەمانتارانە، ئەگەرنا لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق هیچ بابەتێکی لەم شێوەیەیان بە فەرمی لەگەڵ هەرێمی کوردستان باسنەکردووە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە هێنانەپێشەوەی ناوی پێشمەرگە لەم کاتەدا، پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی عێراقەوە هەیە بەتایبەت:
* دژایەتیکردنی چەکدانان: بەشێک لە هێزە چەکدارەکان (میلیشیاکان) دژی پرۆسەی چەکدانانی خۆیانن، بۆیە دەیانەوێت ناوی پێشمەرگە تێکەڵی بابەتەکە بکەن.
* پێگەی دەستووریی: دۆسیەی ئەو هێزانە و هێزی پێشمەرگە دوو پرسی تەواو جیاوازن؛ چونکە پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا پێگەی چەسپاوە و وەک پاسەوانی هەرێمی کوردستان ناسێنراوە.
مەترسییەکانی داهاتوو لەسەر دۆسیەی پێشمەرگە
سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دەنگۆکانی ئێستا، سەرچاوەکە هۆشداریدا لەوەی کە ئەم بابەتە لە داهاتوودا دەبێتە خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەرچاوەکە وتی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەوە تێدەگەن کە ئەگەر لەم قۆناغەشدا نەبێت، لە داهاتوودا پرسی پێشمەرگە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت و ئاڵۆزی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا؛ چونکە بەغدا هەوڵدەدات ڕۆڵی هەبێت لە ئاڕاستەکردنی ئەم هێزەدا و نایەوێت پێشمەرگە بە تەواوەتی تەنیا لەژێر کۆنترۆڵ و بڕیاری هەرێمی کوردستاندا بمێنێتەوە.