پارتی قورساییە سیاسییەکەی دەباتە بەغدا
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٣:٣٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکات و لەو چوارچێوەیەشدا بە نیازە قورساییەکی زیاتری سیاسی بباتە بەغدای پایتەخت، ئەمەش لەڕێگەی کردنەوەی لقێکی مەکتەبی سیاسی یان ناردنی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لەو شارەدا.
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لەنێو پارتیدا ڕایەکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی حزبەکە بە قورساییەکی سیاسیی گەورەترەوە بچێتە بەغدا و پایتەختی عێراق بکاتە قووڵاییەکی ستراتیژی بۆ کارە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی خۆی."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە، سەرچاوەکەی پەنجەرە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتی پارتی پێیوایە گواستنەوەی ئەم قورساییە بۆ بەغدا لەم قۆناغەدا، دوو ئامانجی سەرەکی دەپێکێت، پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی حزبەکە لەگەڵ لایەنە جیاوازە عێراقییەکان.
لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی "مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا"وە کاروباری خۆی لە پایتەخت بەڕێوەدەبات، کە فواد حسێن بەرپرسی و شاخەوان عەبدوڵا جێگریەتی.