پارتی تاوتوێی پێدانی وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی دەکات؛ مەرج و گۆڕانکارییەکان چین؟
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٣:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند، کە لە ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستاندا نەرمییەک و ڕایەکی نوێ دروستبووە سەبارەت بە پێدانی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەرچی ئەگەری هەیە پارتی لەم خولەدا دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ بێت بۆ یەکێتی، بەڵام ئەم هەنگاوە بەبێ مەرج نابێت. پێشبینی دەکرێت پێش ڕادەستکردنی وەزارەتەکە، دۆسیەی چەند هێزێکی ئەمنی و سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆوە بگوێزرێتەوە بۆ سەر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە هێزەکانی زێرەڤانی لە ئێستادا سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، بەڵام لە ئەگەری ڕادەستکردنی وەزارەتەکە بە یەکێتی، دوور نییە پارتی ئەم هێزە لەسەر ناوخۆ لاببات.