عێراق؛ چەکدارانی میلیشیاکان بەشێوەی تاک تێکەڵی سوپا دەکرێن و پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەستیپێکرد

٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٣:٤٤ پاش نیوەڕۆ

عێراق؛ چەکدارانی میلیشیاکان بەشێوەی تاک تێکەڵی سوپا دەکرێن و پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەستیپێکرد

پەنجەرە

حکومەتی عێراق ستراتیژییەکی نوێ بۆ هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان جێبەجێ دەکات. بەپێی پلانەکە، ئەندامانی ئەم گروپانە بەشێوەی سەربەخۆ و تاکەکەسی بەسەر یەکە جیاوازەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێن، نەک وەک گروپ یان یەکەی ڕێکخراو.


ڕێگریکردن لە دروستبوونی "بلۆکی ناوخۆیی"

ئەفسەرێکی باڵا لە سوپای عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "الحرة"، وردەکاریی پرۆسەکەی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە:
"ئامانجی سەرەکی لە دابەشکردنی چەکدارەکان بەشێوەی تاک، ڕێگریکردنە لە پێکهێنانی هەر بلۆکێکی ڕێکخراو یان خاوەن پێگەی تایبەت لەناو سوپا و دەزگا ئەمنییەکاندا. ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەدات لەوەی کە دڵسۆزی و ملکەچبوونی ڕەهایان تەنها بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت."

ئەو سەرچاوە سەربازییە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەم بڕیارە ڕێگری دەکرێت لەوەی ئەو گروپانە هیچ قورسایی و کاریگەرییەکی سیاسی یان جیاکارییان لەناو دامەزراوە فەرمییەکاندا هەبێت؛ لەمەودوا وەک هەر سەرباز و ئەندامێکی ئاسایی دامەزراوە ئەمنییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەنها پابەندی ئەو فەرمانانە دەبن کە لە سەرکردایەتی باڵاوە دەردەچن.


دەستپێکردنی پرۆسەی تۆمارکردن و ڕادەستکردنی چەکەکان

سەبارەت بە چارەنووسی چەکی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەت هەرسێ گرووپی دیاری (سەرایا سەلام، عەسایب ئەھلی حەق، و کەتایبی ئیمام عەلی)، سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە کارە کردارییەکان دەستیان پێکردووە:

 پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش: لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لیژنەیەکی باڵا لە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی و نوێنەرانی گروپە چەکدارەکان پێکهێنراوە.

 تۆمارکردنی چەکەکان: ئەم لیژنانە لە ئێستادا دەستیان کردووە بە پرۆسەی سەرژمێری و تۆمارکردنی سەرجەم چەکە سوک، مامناوەند و قورسەکان.
 ڕادەستکردن: تۆمارکردنی چەکەکان وەک قۆناغی یەکەم و ئامادەکارییەکە بۆ ڕادەستکردنی تەواوی ئەو چەکانە بە دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو