تەقینەوەی دۆسیە شاراوەکان؛ هەولێر و بەغدا لەبەردەم چەندین گەڕی تری ململانێدا
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٣:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستاش دۆسیەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و گومرگ وەک خاڵی سەرەکیی مشتومڕ و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق ماونەتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا چەندین دۆسیەی هەستیاری دیکە سەرهەڵبدەن و قۆناغێکی نوێ لە کێشمەکێشی سیاسی لەنێوان هەردوو لادا دروست بکەن.
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: دۆسیەی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بووەتە مایەی نیگەرانیی جددی بۆ بەغدا. هەرچەندە تا ئێستا لایەنی فیدراڵ بێدەنگیی لەم بابەتە کردووە، بەڵام لە داهاتوودا ئەم دۆسیەیە دەبێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی مشتومڕی نێوانیان."
ئەو بەرپرسە باڵایە تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێکی دیکەی جێی ناڕوونی و ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەی ئاو لە داهاتوودا دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە کارنامەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هاوکات لەبارەی دۆسیەی هێزی پێشمەرگەوە وتی: "لە ئێستاوە لە بەغداوە گوێبیستی دەنگی نەشاز دەبین لە دژی پێشمەرگە، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی کێشمەکێش و ئاڵۆزیی نوێ."
سەرچاوەکەی پەنجەرە جەختی لەوەش کردەوە کە دۆسیە ئەمنی، ئابووریی و دیپلۆماسییەکان، کۆمەڵێک بابەتی جێناکۆکی زۆریان لەنێوان هەولێر و بەغدا تێدایە، بۆیە بەپێی قۆناغەکان و لە کات و ساتە جیاوازەکاندا، هەر یەک لەم بابەتانە دەبنە هۆی سەر هەڵدانی گرفتی نوێ.
لە لایەکی دیکەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەی هەرێم ئاماژەی بە ڕەهەندێکی دیکەی ململانێکان کرد کە پەیوەستە بە پرسی دیموگرافی و بودجەوە و ڕایگەیاند: "دەرەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، کە دەریخست ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زیاترە لەو ڕێژەیەی پێشتر لەلایەن بەغداوە خەمڵاندنی بۆ دەکرا، لە داهاتوودا دەبێتە یەکێکی دیکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشمەکێش و ململانێی دارایی و سیاسی لە نێوان هەردوولادا."