سەرچاوەیەکی شیعی: چەکدانانی میلیشیاکان بەستراوەتەوە بە ئەنجامی ململانێی نێوان واشنتن و تاران
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٤:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەرپرسێکی باڵای شیعی و نزیک لە هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" ئاشکرایکرد کە پرسی ڕادەستکردنی چەکی بەشێک لە گرووپە چەکدارە شیعییەکان بە دەوڵەتی عێراق، بە تەواوی بەستراوەتەوە بە دەرئەنجامی ململانێکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: پێگەی داهاتووی ئێران لە ناوچەکەدا، ئاڕاستەی جووڵەی ئەم میلیشیایانە دیاری دەکات. ئەگەر دۆخی تاران بەرەو خراپی بچێت و گۆشەگیر بکرێت، ئەم گرووپانە ناچار دەبن بە شێوازێکی ئاشتییانە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر پێگەی ئێران بەهێز بێت، ئەوا نەک هەر چەک ڕادەست ناکەن، بەڵکو لە جاران زیاتر پەرە بە چالاکییەکانیان دەدەن و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبەن."
سەبارەت بەو هەنگاوانەی پێشتر بۆ تێکەڵکردنی چەکداران لەناو هێزە فەرمییەکاندا نراون، سەرچاوەکە گومانی خستە سەر جیدییەتی پرۆسەکە و وتی:ئەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە تەنها ڕووکەشە و ڕاستەقینە نییە.ئەو چەکدارانەی چوونەتە ڕیزی هێزە ئەمنییەکانەوە، دڵسۆزییان بۆ دەوڵەت نییە، بەڵکو تەنها بە یەک بانگەوازی سەرکردە و فەرماندەکانی خۆیان، ڕیزی سوپا جێدەهێڵن و جارێکی تر یەکدەگرنەوە.