ڕێکخراوی هەنگاو: مانگی ڕابردوو ٨٠ بەندکراو لە ئێران لەسێدارە دراون
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٤:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی مانگی مانگی پێنجی ٢٠٢٦ دا، کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی لانی کەم ٨٠ بەندکراوی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەدا جێبەجێ کردووە، کە لەنێوانیاندا ١٧ بەندکراوی سیاسی هەن.
ئەم ئامارە نوێیە ئەگەرچی بەراورد بە مانگی پێنجی ٢٠٢٥ کەمیکردووە، کە ١٦٣ حاڵەت تۆمار کرابوو و کەمبوونەوەکە بە ڕێژەی ٥١٪ دەخەمڵێندرێت)، بەڵام هاوکات نیگەرانییەەکی قووڵ لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی لەسێدارەدان لە ئێران دروست دەکات.
ناسنامەی زۆربەی لەسێدارەدراوەکان
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، لە کۆی ئەو ٨٠ کەسەی لەسێدارە دراون، ناسنامەی ٧٦ بەندکراویان بە تەواوی پشتڕاستکراوەتەوە و بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ٤ بەندکراوەکەی دیکەش بەدواداچوونەکان بەردەوامن.
لە نێویاندا ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی «ئەسماع زارعی» هەیە کە خەڵکی ناوچەی پارس ئاباد بووە و بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل سزاکەی بەسەردا جێبەجێ کراوە.
لەسێدارەدانی نهێنی
ڕاپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران پرۆسەی لەسێدارەدانەکان دوور لە چاوی میدیاکان و بە شێوەیەکی ناڕوون بەڕێوە دەبەن. لە کۆی ٨٠ حاڵەتەکە، تەنیا ١٥ حاڵەت (واتا نزیکەی ١٩٪ی کۆی گشتی) لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕاگەیەندراون.
لەسێدارەدانی ١٧ بەندکراوی سیاسی
بەشێکی ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەسەر ١٧ بەندکراوی سیاسیدا. بەپێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، لە نێو ئەم کەسانەدا ٤ بەندکراوی سیاسیی کورد و دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان هەن.
تۆمەتی ئاڕاستەکراو بۆ ئەم بەندکراوە سیاسییانە لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بریتی بووە لە "موحاربە" (دژایەتیکردنی خودا) و "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل".