گرێبەست لە ڕیاز و شەڕ لە واشنتۆن؛ بۆچی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی سعودییە مشتومڕی لە ئەمەریکا درووستکردووە؟
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
واشنتۆن کە ڕانەهاتووە بەبێ مشتومڕ و ئالەنگاریی بێت، ئەمجارە لەسەروبەندی مشتومڕێکی ئاڵۆزتردایە، ئەویش پەیوەستە بە بونیادنانی پرۆژەی ئەتۆمیی "ناوەکی" سعودیەوە. لەئێستادا ئەو پایتەختە بووە بە دووبەشەوەوە، بەشێک پشتیوانین و بەشێک دژ.
لەم ڕاپۆرتەدا هەڵوەستە لەسەر پڕۆژەکە و ململانێکان و ڕەهەندە ئابوریی و سیاسییەکانی دەکەین.
پڕۆژەکە چییە و لە چی پێکدێت؟
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کەرتی وزەی ناوەکیی مەدەنی لە سعوودیە بە هاوکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
پێکهاتە سەرەکییەکانی بریتین لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیا بە دابینکردنی کارلێکەرە (Reactor) پێشکەوتووەکان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و شیرینکردنی ئاوی دەریا.
هاوکات سعوودیە دەیەوێت یۆرانیۆمی ناوخۆیی خۆی بپیتێنێت و سووتەمەنی ناوەکی بەرهەم بهێنێت.
بەوپێیەی یەدەگی یۆرانیۆمی سعودییە بە ٦٠ بۆ ٩٠ هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت (نزیکەی ٥٪ـی یەدەگی جیهان)، بۆیە ئەو وڵاتە دەیەوێت وەبەرهێنانی تێدابکات و ببێتە بەرهەمهێنەری یۆرانیۆمی خاوی کەم پیتراو.
سوود و کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکە
سعوودیە دەیەوێت لەبری سووتاندنی نەوت بۆ کارەبا، وزەی ناوەکی بەکاربهێنێت تا نەوتەکەی بۆ هەناردەکردن و زیادکردنی داهات بپارێزێت، ئەمەش بەواتای سوودێکی ئابووریی زۆرتر.
جگە لەوەش پشتکردن لە نەوت بۆ بەرهەمهێنانی وزە، گەیشتنە بە "سفر کاربۆن" کە ئەو وڵاتە پلانی بۆ داناوە هەتا ساڵی ٢٠٦٠ پێیبگات.
لەڕوویەکی ترەوە، پڕۆژەکە و بەتایبەتی ئەو بەشەی کە سەربەخۆیی دەداتە سعودیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆدا، وایلێدەکات پشت بە دەرەوە نەبەستێت و خۆی بەرهەمهێنەر بێت.
لەبارەی وادەی دەستپێکردنیشییەوە، پێشبینی دەکرێت یەکەم وێستگەی ناوەکی لە ساڵانی ٢٠٣٢ بۆ ٢٠٣٥ بچێتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە.
کێشە و ناکۆکییەکان لە ئەمریکا؛ "پێوەرە زێڕینەکە" لەکوێیە؟
ئەم ڕێککەوتنە لە واشنتۆن بووەتە جێی مشتومڕێکی زۆر. کێشەکە لەوەدایە کە ئەم ڕێککەوتنە مەرجی"پێوەری زێڕین (Gold Standard)"ـی تێدا نییە؛ ئەم پێوەرە ڕێگری لە وڵاتان دەکات کە یۆرانیۆم لەناو خاکەکەیاندا بپیتێنن (وەک ئەوەی ئەمریکا لە ٢٠٠٩ لەگەڵ ئیمارات واژۆی کرد).
دیموکراتەکان و هەندێک شارەزای چەک دەڵێن نەبوونی ئەم مەرجە، ڕێگە بۆ سعوودیە خۆشدەکات لە داهاتوودا بە ئاسانی بەرەو چەکی ناوەکی بڕوات.
لەبەرامبەریشدا ئیدارەی ترەمپ و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەڵێن ئەگەر ئێمە ئەم ڕێککەوتنە نەکەین، سعوودیە دەچێتە لای چین و ڕووسیا، ئەو کاتە ئەمریکا هەم نفووزی سیاسی و هەم قازانجە داراییەکەشی لەدەستدەدات.
پشتیوانانی پڕۆژەکە، باس لەوەدەکەن کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی وەک (Westinghouse) و (GE) ملیارەها دۆلار قازانج دەکەن و هەزاران هەلی کار دروست دەبێت. هەروەها ئەمەریکا دەستی دەگات بە سەرچاوە دەگمەنەکانی سعوودیە کە بۆ پیشەسازیی سەربازیی گرنگن.
لەبەرامبەردا ئەم ڕێککەوتنە نوێیە چین لە پڕۆژە گەورەکان دوور دەخاتەوە و نفووزی تەکنەلۆژیی لە کەنداودا کەم دەبێتەوە، لەکاتێکدا چین سەرەتا هاوکاری سعوودیەی کرد لە دۆزینەوەی یۆرانیۆم، ئەمەش بەمانای سودی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا دێت.
کاریگەرییە هەرێمایەتییەکان
پڕۆژەکە هەروەها کاریگەرییەکی هەرێمایەتیی ڕاستەوخۆیشی هەیە، بەتایبەتی لەسەر دوو وڵات (ئێران و ئیسرائیل)
هەرچی ئێرانە، ئەم پڕۆژەیە "هاوسەنگیی ترس" دروستدەکات. محەمەد بن سەلمان ڕایگەیاندووە: "ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی، ئێمەش دەبین". ئەم پڕۆژەیە باڵادەستیی تەکنەلۆژیی ناوەکیی ئێران لە ناوچەکەدا لاوازدەکات.
بۆ ئیسرائیلیش، ئەوا تەلئەبیب بە وریاییەوە دەڕوانێتە پڕۆژەکە. بەڵام واشنتۆن ئەم ڕێککەوتنە وەک "نوقڵانەیەک" بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بەکاردەهێنێت؛ واتە ڕەزامەندیی ئەمریکا بۆ پڕۆژە ناوەکییەکە، بەرامبەر بە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە دەبێت بەرەو ئیسرائیل، ئەمەش وایکردووە ئەو وڵاتە ناڕەزایەتی دەرنەبڕێت لە ئاست پڕۆژەکە.