لە 105 ملیۆنەوە بۆ کەمتر لە 10 ملیۆن؛ داڕمانی مێژوویی لە هەناردەی نەوتی عێراقدا

٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١١ پاش نیوەڕۆ

لە 105 ملیۆنەوە بۆ کەمتر لە 10 ملیۆن؛ داڕمانی مێژوویی لە هەناردەی نەوتی عێراقدا

پەنجەرە

داخستنی گەرووی هورمز و لێکەوتەکانی ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، کەرتی وزە و ئابووری عێراقی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. بەپێی ئامارەکان، دۆخی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێک کە کۆی فرۆشی تەواوی مانگێک، تەنها یەکسانە بە فرۆشی سێ رۆژی پێش هەڵگیرسانی شەڕ.

عێراق بەدرێژایی تەواوی مانگی پێنج کەمتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کردووە و فرۆشتوویەتی، ئەمەش دابەزینێکی مێژوویی و شۆکهێنەرە. لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تێکچوونی باری تەناهی ناوچەکە، ناردنە دەرەوەی نەوتی عێراق لە مانگێکدا دەگەیشتە 105 ملیۆن بەرمیل.

پێش سەرهەڵدانی ئەم ململانێیە و داخرانی گەرووی هورمز، عێراق رۆژانە تێکڕا 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت. بەڵام لە ئێستادا بەهۆی پەککەوتنی رێڕەوە دەریاییەکانەوە، فرۆشی مانگانەی وڵاتەکە هێندەی سێ رۆژی پێش شەڕەکەی لێهاتووە.

داخستنی گەرووی هورمز و راگرتنی بەشێکی هەرە زۆری ناردنە دەرەوەی نەوت، عێراقی دووچاری قەیرانێکی ئابووریی و دارایی هێندە گەورە کردووەتەوە کە مەترسی قووڵ لەسەر داهات و سەقامگیری وڵاتەکە دروست دەکات، بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی و بودجەی گشتیی دەوڵەتە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو