بەغدا گەمارۆیەکی ئابووریی ڕانەگەیەنراو دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان
٧ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:٠٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە حکومەتی فیدراڵ لەڕووی ئابوورییەوە گەمارۆیەکی ڕانەگەیەنراوی بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێی گومرگی لە نێوان شارەکانی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا.
ئەو سەرچاوە بەرپرسە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "هەر بارهەڵگرێک لە دەروازە سنوورییەکانەوە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ڕێکارە فەرمییەکانی گومرگی بۆ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام کاتێک هەمان ئەو بارهەڵگرانە بەرەو شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕێ دەکەون، لە بازگەکاندا جارێکی دیکە و لەژێر ناوی جیاوازدا گومرگ دەکرێنەوە."
سەبارەت بە ئامانجی پشت ئەم بڕیارە، سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم وتی:
لێدان لە دەروازە سنوورییەکان: دووجار گومرگکردنی یەک بارهەڵگر، بارگرانییەکی گەورەی دارایی دروست دەکات و جووڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێم پەکدەخات.
وشککردنی سەرچاوە ئابوورییەکان: ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، لاوازکردنی پێگەی دارایی هەرێمی کوردستان و وشککردنی ئەو سەرچاوە داهاتانەیە کە پشت بە کەرتی بازرگانی و ترانزێت دەبەستن.