زەواجی "مسیار" لە پشتی شاشەی تیکتۆکەوە؛ بزنسێک بەناوی شەرعەوە

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ

زەواجی "مسیار" لە پشتی شاشەی تیکتۆکەوە؛ بزنسێک بەناوی شەرعەوە

پەنجەرە

دیاردەیەکی نوێ لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا سەریهەڵداوە کە چاوەڕوان دەکرێت لەداهاتوودا مشتومڕی زۆری لێبکەوێتەوە؛ ئەویش بەکارهێنانی سۆشیال میدیایە، بەتایبەت سەکۆکانی (سناپچات و تیکتۆک)، بۆ ریکلام کردن و رێکخستنی کڕین و فرۆشتن بە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە لە ژێر ناوی “زەواجی مسیار”.

لەکاتێکدا بەڕێوەبەرانی ئەم پەیجانە پرۆسەکە وەک چارەسەرێکی شەرعی و یاسایی دەخەنە ڕوو، چالاکوانانی بواری ژنان و شارەزایانی کۆمەڵایەتی هۆشداریی توند لە لێکەوتە و زیانە دەروونی و خێزانییەکانی دەدەن.

زەواجی “مسیار”لە پشتی شاشەی تیکتۆکەوە؛ بزنسێک بەناوی شەرعەوە

لە بەدواداچوونێکدا بۆ شێوازی کارکردنی ئەم پەیجانە، یەکێک لە ئەکاونتە سەرەکییەکانی تایبەت بەم کارە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سروشتی هاوسەرگیرییەکە دەڵێت:

"ئەم زەواجە تەواو شەرعییە و چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە، هیچ دیاریکردنی کاتێکی تێدا نییە و بۆ هەتاهەتاییە. تەنها جیاوازیی ئەوەیە کە خاتونەکە لە نەفەقە و مارەیی خۆی خۆش دەبێت و مارەییەکەی تەنها قورئانێکی پیرۆزە، ئەگەر ڕێکیش نەکەون تەڵاق دەدرێت."

ئەم پەیجە ئاشکرای دەکات کە زۆربەی ئەو ئافرەتانەی لای ئەوان ناویان تۆمارکراوە “کوردن”و خاوەنی ماڵی خۆیانن. پرۆسەی دۆزینەوە و پێکهێنانی ئەم هاوسەرگیرییەش بێبەرامبەر نییە؛ بەڕێوەبەرانی پەیجەکە دەڵێن:
بۆ ئەم خزمەتگوزارییە بڕی ۱۰۰ هەزار دینار لە ڕێگەی کارتی ئاسیاسێڵەوە وەردەگیرێت؛ ٥۰ هەزار دیناری وەک پێشەکی و ٥۰ هەزارەکەی تر دوای بەدڵبوونی خاتونەکە و ڕێککەوتنی کۆتایی. ئێمە بە هیچ جۆرێک بێ پێشەکی ئیش ناکەین، چونکە لەگەڵ چەند پەیجێکی تر هاوبەشین و دەبێت حەقی ئەوانیش بدرێت."

پەیجەکە سیستمی تیکتۆک بۆ ڕێکخستنی پرۆسەکە و سناپچات تەنها بۆ سکاڵاکان بەکاردێنێت و بەهۆی زۆریی داواکارییەکانیشەوە، داوای لێبوردن لە دواکەوتنی وەڵامەکانیان دەکەن.

زەواجی مسیار چییە؟
له‌ ڕووی چەمکەوە، هاوسه‌رگیریی مسیار جۆرێکە لە گرێبەستی هاوسەرگیریی،  کە ئافرەتەکە بە ویستی خۆی یان بەهۆی ناچارییەوە، واز لە مافە سەرەکییەکانی وەک: دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، نەفەقە (بژێوی)، و مانەوەی بەردەوامی پیاوەکە لەلای دەهێنێت. هەرچەندە لە شەرعدا ناکۆکی لەسەرە، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتی و مرۆییەوە ڕەخنەی توندی لێدەگیرێت.

ڕەتکردنەوەی توند لەلایەن چالاکوانان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی
ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە و شێوازی برەودان پێی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و ڕەتکردنەوە لەلایەن چالاکوانانی بواری ژنان بووەتەوە. شارەزایان پێیان وایە ئەم دیاردەیە زیانی کوشندە بە پێکهاتەی خێزان دەگەیەنێت.

برەودان بە زەواجی مسیار لە ژێر پەردەی ئۆفەر و ڕیکلامی تیکتۆک و بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم، نەک تەنها سیمای هاوسەرگیریی دەشێوێنێت، بەڵکو بازرگانیکردنە بە پێویستی و بارودۆخی دارایی و دەروونی ئافرەتانەوە. چالاکوانان داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و یاسا، سنوورێک بۆ ئەم جۆرە پەیجانە دابنێن کە لەژێر ناوی شەرع دا، سیستمی خێزانی و کۆمەڵایەتی بەرەو هەڵدێر دەبەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو