جیهان لە لێواریی قەیرانێکی گەورەی نەوت و وزەدا
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران و لێکەوتەکانی، هێشتا لە نێوان هەڕەشەی دوولایەنە و پێکدادانی سەربازیی پچڕپچڕدا دێن و دەچن.
تا ئێستا لایەنەکانی شەڕ نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێک یان واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت و ڕێگە خۆش بکات بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز؛ ئەو گەرووەی کە شادەمارێکی سەرەکی و زیندووی جووڵەی وزەی جیهانییە.
گەرووی هورمز؛ چەکی جوگرافی لە دژی باڵادەستیی سەربازیی
لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕ لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، ئێران دەستی بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا گرتووە. پێش دەستپێکردنی ئەم ململانێیە، پێنج یەکی نەوت و سوتەمەنییە شلەکان لەم گەرووەوە تێدەپەڕین.
لە بەرپەرچدانەوەی ئەم هەنگاوەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی نیسانەوە گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی دەیان کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر.
ڕۆژنامەی "ووۆڵ ستريت جۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە ڕێگەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا، پێگەی جوگرافیی خۆی لە بەرزترین ئاستدا بەکارهێناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو باڵادەستییە سەربازییە گەورەیەی ئەمریکا هەیەتی.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت، کەمکردنەوەی پشتبەستنی جیهان بەو وزەیەی لە هورمزەوە دێت، پێویستی بە وەبەرهێنانی زەبەلاح هەیە لە هێڵە نوێیەکانی بۆریی نەوت و دۆزینەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی جێگرەوە. جیا لەوەش، وڵاتانی هاوردەکار ناچار دەبن یەدەگی نەوتی خاوی خۆیان کە ئێستا بەرەو نەمان دەچێت دووبارە پڕ بکەنەوە و بڕێکی زیاتریش لە سووتەمەنیی فڕۆکە و بەرهەمە نەوتییەکانی تر کۆگا بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر قەیرانێکی نوێ.
تەنانەت وەک ڕۆژنامەکە باسی دەکات، ڕەنگە ئەو وڵاتانە ناچار بن ڕوو لە وەبەرهێنانی گەورە بکەن لە وزەی نوێبووەوە و وزەی ئەتۆمیدا بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی سەقامگیرتر لە کاتی هەر پشێوییەکی هاوشێوە لە داهاتوودا.
ئاستی مەترسیدار؛ کۆگاکانی نەوت بەرەو بەتاڵبوون دەچن
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، یەدەگ و کۆگاکانی نەوتی جیهان بەرەو دابەزینێکی مەترسیدار دەچن، ئەمەش ترسی ئەوەی دروست کردووە لە داهاتوودا بازاڕی وزە تووشی قەیرانێکی تری بەرزبوونەوەی نرخ ببێت.
سەبارەت بەم دۆخە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری "نیڵ چاپمان" جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبێل بڵاوی کردەوە: ئێمە خەریکە لە ئاستێکی بێپێشینەی دابەزینی کۆگاکانی نەوت نزیک دەبینەوە؛ مەبەستم ئەوەیە کە کۆگاکان لە ئاستێکی ئێجگار نزمدان. دەکرێت مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت کە ئایا لە ماوەی دوو یان سێ هەفتەی داهاتوودا دەگەینە ئەو خاڵە نزمە یان نا، بەڵام کاتێک گەیشتینە ئەو قۆناغە، شاهیدی بازدان و بەرزبوونەوەیەکی تیژ و توندی نرخەکان دەبن."
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە گەیشتنی نەوت بە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان پەکیکەوتبوو، بەکارهێنانی یەدەگی نەوتی خاو و ڕاکێشانی بەشێک لە یەدەگە ستراتیژییەکان توانیبووی تا ڕادەیەک نرخەکان کۆنترۆڵ بکات.
لایخۆشییەوە، "تۆریل بۆسۆنی" سەرۆکی بەشی پیشەسازیی و بازاڕەکانی نەوت لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند، ئەگەر ڕاکێشانی نەوت لە کۆگاکان بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، یەدەگی نەوتی جیهانی پێش گەیشتن بە لوتکەی داواکاریی وەرزی هاوین، دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەکارهێنانی ئابووریی وەک چەکی جەنگ
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژە بەوە دەکات کە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە نیشانی دا چۆن دەکرێت دەوڵەتێک خاڵێکی خنکێنەری ئابووریی وەک چەک بەکاربهێنێت و کاریگەرییەکی بەربڵاو لەسەر ئاستی جیهان دروست بکات.
تەنانەت ئەدمیراڵ "جۆزێپی کاڤۆ دراگۆنی" بەڕێوەبەری سەربازیی باڵای هاوپەیمانیی ناتۆ، لە گوتارێکدا لەبەردەم بەرپرسانی بەرگریی و ئەمنی لە سهنگافووره ڕایگەیاند، ئەو ئاڵەنگارییەی ئێستا وڵاتان ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە "بەچەککردنی پشتبەستنی ئابووریی بە یەکتر"، ئەمەش وایکردووە کە سوپا، حکومەتەکان و کەرتی پیشەسازیی پێویستیان بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نزیکتر هەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی.
بۆ چەندین ساڵ، تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاریزانی سەرەکی بوو لەم جۆرە یارییە ستراتیژییەدا؛ بە جۆرێک دۆلاری ئەمریکی و ئەو هەژموونەی بەسەر سیستمی دارایی جیهاندا هەیبوو بەکاردەهێنا بۆ فشارخستنە سەر نەیارەکانی و سەپاندنی سزا بەسەر دوژمنەکانیدا.
بەڵام لەم دواییانەدا، چینیش نیشانی دا کە هێز و نفووزێکی گەورەی بەسەر وڵاتانی تردا هەیە (تەنانەت بەسەر ئەمریکاشدا)، ئەویش لە ڕێگەی باڵادەستیی بەسەر کانزا دەگمەن و گرنگەکاندا کە پێویستن بۆ پیشەسازیی هەموو شتێک؛ لە دروستکردنی نیوەگەیەنەرەکانەوە (Semicomductors) بگرە تا دەگاتە بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکان.
ئاستەنگەکانی دۆزینەوەی جێگرەوە
کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابووریی جیهان بە گەرووی هورمز وەک ئاڵەنگارییەکی گەورە دەمێنێتەوە. هەرچەندە عەرەبستانی سعوودی هێڵێکی بۆریی نەوتی بەرەو دەریای سوور هەیە، بەڵام توانای گواستنەوەی سنووردارە. وڵاتانی تری کەنداو وەک ئیماراتیش دەتوانن لە ڕێگەی بۆرییەوە نەوت بگوازنەوە بۆ کەنداوی عومان و لەوێوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، بەڵام ئەم بۆرییانەش هێشتا لەژێر هەڕەشەی هێرشدا دەمێننەوە، جیا لەوەی ناتوانن جێگەی تەواوی ئەو بڕە نەوتە بگرنەوە کە پێشتر لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەوە تێدەپەڕی.
لە کۆتاییدا، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری "ئەبراهام نیمان" پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج تاون بڵاوی کردووەتەوە کە دەڵێت: "پێویستە وڵاتان زۆر بەوریاییەوە بیر لە پرۆسەی هەمەجۆرکردنی سەرچاوە و ڕێڕەوەکانی وزە بکەنەوە. ئایا ئەم هەوڵانە نابنە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە پشتبەستنی نوێ کە لە داهاتوودا دیسانەوە وەک چەک بەکاربهێنرێتەوە؟"