تاران دەرگای دیپلۆماسی دادەخات؛ قالیباف هەڕەشەی لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دەرگای گفتوگۆی داخستووە و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش لە ئامادەباشی تەواودان بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێک.
زمانی هێز لە جیاتی دیپلۆماسی
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب و جەختی کردەوە کە ئەو دوو وڵاتە چەمکی دیپلۆماسی و وتووێژ ناناسن. قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە پێشێلکردنی بەردەوامی ڕێککەوتنەکانی ئاگربەست لە لوبنان و توندترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان، بەڵگەی ڕوونن لەسەر ئەوەی کە تەنیا ڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا بەکارهێنانی "زمانی هێزە".
بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ژێر ئامانجدان
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە لایەنە ڕکابەرەکانی و ڕایگەیاند: لەمەودوا سەرجەم بنکە سەربازییەکان، بەرژەوەندییەکان و سەروەت و سامانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، وەک ئامانجی ڕەوا و سەرەکی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەیر دەکرێن."
پاشخانی گرژییەکان؛ گەرووی هورمز لە بەردەم تەقینەوەدا
ئەم لێدوانە توندانەی تاران لە کاتێکدا دێن کە پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتوونەتە لوتکەی گرژی. دوابەدوای بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا، ڕۆژی ڕابردوو چەند بنکەیەکی ئێرانی لە ناوچەی ستراتیژیی گەرووی هورمز کرانە ئامانج.
لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە مەترسیدارانەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران پەیامێکی ڕوونی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناردووە؛ تاران لە ژێر سایەی فشار، گەمارۆ و هێرشی سەربازیدا ناچێتە سەر مێزی دانوستان و لەمەودوا ستراتیژیی خۆی لە سیاسەتی چاوەڕوانییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی.
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمشەو لەلایەن ئێرانەوە هێرشکراوەتە سەر ئیسرائیل.