موشەکبارانی دوولایەنە؛ هاوکێشەی نوێی جەنگ لە نێوان تاران و تەلئەبیبدا
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەرلەنوێ سەریان هەڵدایەوە، ئەمەش مەترسیی هەرەسهێنانی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوانیانی لێدەکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵی "کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان" دەدات، بەڵام لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبووە.
هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێگە نادات ئێران "هاوکێشەیەکی نوێ" بسەپێنێت کە تێیدا هێرشەکانی تاران بۆ سەر تهلئهبیب ببەستێتەوە بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
لە پێشهاتێکی مەترسیداردا کە هەڕەشە لە ئاگربەستی نێوان ئێران لە لایەک و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە دەکات، تاران و تەلئەبیب دەستیان بە موشەکبارانی یەکتر کردەوە.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی تری موشەکی ئێرانی بەڕێوەیە بۆ سەر وڵاتەکەیی و سوپای ئیسرائیلیش ئاشکرایکرد کە دەستەیەکی نوێی لەو موشەکانە بەدی کردووە کە لە ئێرانەوە هاوێژراون.
لایخۆیەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بنکە سەربازییەکانی لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ئەم گۆڕینەوەی بۆردومانە بە گەورەترین پێکدادانی لەو شێوەیە دادەنرێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکەی دوو مانگ لەمەوبەر. هاوکات ئاژانسی "فارس" لە زاری جێگری پارێزگاری خوزستان بۆ کاروباری ئەمنی بڵاویکردەوە، کە کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی "قارون" لە نزیک شاری بەندەر ماهشەهر لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و بەشێکی کارگەکە زیانی پێگەیشتووە.
ئاماژەکان
هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بێئاکام بوون، چونکە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داواکارییەکەی ترەمپی ڕەتکردەوە بۆ وەڵامنەدانەوەی هێرشە موشەکییە بالیستییەکەی ئێران لە شەوی یەکشەممەدا.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو کە لەو هێرشەدا بنکەی ئاسمانیی "ڕامات دافید"یان لە باکووری ئیسرائیل پێکاوە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشی کردە سەر "ئامانجی سەربازیی" لە ڕۆژاوا و ناوەڕاستی ئێران.
ئێستا پێشبینی دەکرێت ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوان بۆ چەند ڕۆژێک بەردوام بێت، سەرەڕای لێدوانەکانی ترەمپ کە باسی لە نزیکبوونەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەکرد و داوای دەکرد دەرفەت بۆ دیپلۆماسییەت بڕەخسێنرێت.
چاودێران پێیانوایە نەتانیاهۆ بژاردەی شەڕی هەڵبژاردووە و گوێی بە داواکەی تڕەمپ نەداوە، چونکە هێرشە ڕاستەوخۆکەی ئێران بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ گەرمکردنەوەی بەرەکان و سەپاندنی دیدگای باڵە توندڕەوەکەی، کە لەسەر بنەمای شکستهێنانی سەربازیی ئێران و لەناوبردنی تەواوەتی "هەڕەشەکانی" داڕێژراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی خەمڵاندنەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیلی، ڕژێمی ئێران هێشتا کەمتر لە هەزار موشەکی بالیستی هەیە کە توانای گەیشتن بە ئیسرائیلیان هەیە.
ئەم پەرەسەندنە خێرایانە دوای ئەوە دێن کە ترەمپ پێشتر ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان دەربڕیبوو. ترەمپ داوای لە تاران کردبوو دەستبەجێ بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک کە بە بڕوای ئەو "تەنها چەند کاتژمێرێکی مابوو".
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ئاماژەی بەوە دابوو کە دانوستانەکان باش بەڕێوە دەچن و ئامۆژگاری نەتانیاهۆی کردبوو وەڵام نەداتەوە، چونکە پێی وابوو هەر گرژییەکی زیاتر پرۆسەی ئاگربەستەکە پەکدەخات.
هەروەها ترەمپ بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ڕاگەیاند کە بە هێرشە چاونەترسانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت دڵخۆش نەبووە، بەڵام لە هەمان کاتدا وتی هێرشەکەی ئێران خزمەت بە دانوستانەکان ناکات و پەیامی بۆ ئێران نارد: "موشەکەکانی خۆتان هاویشت، ئیتر بەسە. بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".
شیکەرەوان دەڵێن ترەمپ دەیەوێت کاتی زیاتر بەدەستبهێنێت، چونکە هیوای بە گەمارۆ دەریاییە بەردەوامەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانە کە زیانی گەورەی بە ئابووریی نەوتیی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
هاوکێشە نوێیەکەی ئێران
وا دیارە بەرپرسانی ئێران پەرۆشن بۆ فراوانکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا. ئەمجارە تەنها بە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو نەوەستان، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئیسرائیلیان موشەکباران کرد؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێران هەست بە بەهێزی دەکات و پێی وایە لە پێگەیەکی باشدایە بۆ سەپاندنی خواستەکانی خۆی.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕێگە نادات ئێران هاوکێشەیەکی نوێ لە لوبنان بسەپێنێت، واتە ڕەتیدەکاتەوە تاران هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ببەستێتەوە بە بۆردومانەکانی تەلئەبیب بۆ سەر زاحیەی باشووری بەیروت.
ئەم گۆڕانکارییە لە بەیاننامەکەی هێزە چەکدارەکانی ئێراندا ڕەنگی دایەوە کە تێیدا هاتبوو: "قبوڵکردنی ئاگربەست لە 8ی نیساندا مەرجدار بوو بە ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون و بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و کەشتییە ئێرانییەکان".
هاوکات، موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران، ستایشی هێرشەکەی کرد و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئیسرائیل وەڵام بداتەوە، باجێکی قورستر دەدات.
بەڵام ئیسرائیل نیشانیدا کە بە نیازی پاشەکشە نییە. ئێڤی دەڤرین، یەکێک لە وتەبێژە سەربازییە باڵاکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپا پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنی زیاتر لە لوبنان پەسەند کردووە و هێرشەکەی ئێرانی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد.
ئایا شەڕێکی گشتگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەگیرسێت؟
هاوکات لەگەڵ توندبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و گۆڕینەوەی هێرشەکان لەگەڵ ئێران، حوسییەکانی یەمەنیش کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هێرشە موشەکەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە و قەدەغەکردنی هاتوچۆی کەشتیوانیی ئیسرائیلیان لە دەریای سووردا ڕاگەیاند، ئەمەش مەترسیی تێکچوونی دۆخی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەی جیهانی زیاتر کردووە.
جێی ئاماژەیە، چەندین وڵات لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا، حیزبوڵڵای لوبنانی یان باڵی سەربازییەکەیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە. ئەڵمانیاش لە ساڵی 2020ەوە چالاکییەکانی ئەم حیزبەی لە خاکەکەیدا قەدەغە کردووە.
وەڵامە سەربازییەکەی ئیسرائیل بە تەواوی پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ بوو، کە وتبووی نەتانیاهۆ ناچارە هەر ڕێککەوتنێک قبوڵ بکات کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەیکات. ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" لە زاری تڕەمپەوە بڵاویکردەوە: "من بڕیاردەرم نەک نەتانیاهۆ، و هێرشەکانی ئێران هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕێککەوتنەکە نابێت".
بەڵام ئێستا دەنگی تەقینەوەکان و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل، دەنگی لێدوانە گەشبینەکانی سەرۆکی ئەمریکایان کپ کردووە. دۆخەکە هۆشداری ئەوە دەدات کە کاتژمێرەکانی داهاتوو ڕەنگە پێشهاتی تەواو جیاواز بەخۆیانەوە ببینن، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی هەڕەشەکانی پێشووتری ئێران کە ڕایگەیاندبوو هەر هێرشێک بۆ سەر بەیروت، ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گشتگیر دەبات.