دکتۆرە مونا یاقو بۆ پەنجەرە: لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیانلەدەستدانی حاجی ئاسۆ پێکهێناوە
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوا بەدوای گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەک بە ناوی (حاجی ئاسۆ) لە یەکێک لە گرتوخانەکانی هێزە ئەمنییەکانی شاری هەولێر و تۆمەتبارکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بەوەی کە "لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە"، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دێتە سەر هێڵ و لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ڕاستییەکان پێکدەهێنێت.
دکتۆرە مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "دوێنێ لیژنەیەکمان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی گیانلەدەستدانی حاجی ئاسۆ پێکهێناوە و ئەندامانی لیژنەکە دەستبەجێ خەریکی سەردان و کۆکردنەوەی زانیارین."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی تائێستای لیژنەکە، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەکە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێریان کردووە و بڕیاریشە بچنە ئەو بنکەیەی پۆلیس کە پێشمەرگەکەی لێبووە، پاشانیش سەردانی بنکەی گرتن و گواستنەوە دەکەن.
دکتۆرە مونا یاقو لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە وتیشی: "لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادوەریش لە پەیوەندیدا دەبین بۆ ئەوەی بزانین کەی ڕاپۆرتی کۆتایی ئەوان لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانەکە تەواو دەبێت."
لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان، بەڵام پرۆسەکە پێویستی بە کات و سەردانیکردنی چەندین لایەنی جیاواز هەیە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.