دوایین کاتژمێرەکانی خامنەیی؛ لە بێدەنگی بەرپرسانی ئێرانەوە تا ڕاگەیاندنی کوژرانی

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ

 دوایین کاتژمێرەکانی خامنەیی؛ لە بێدەنگی بەرپرسانی ئێرانەوە تا ڕاگەیاندنی کوژرانی

پەنجەرە

مەراسیمی ساڵیادی کۆچی دوایی ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمساڵ بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە کەشێکی غەمناک و تازیەباری بەسەردا زاڵ بوو، لە ڕێگەی کۆنسێرتی سەرشەقام و کەشێکی شاد و ئاهەنگگێڕانەوە بەڕێوەچوو.

لەم مەراسیمەدا، ئەو کورسییەی کە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری دووەمی ڕژێمەکە تەرخانکرابوو و هەمیشە لە پێشەوەی سەکۆی بەرامبەر شوێنی ئاهەنگەکە دادەنرا، بە چۆڵی مابووەوە؛ وەک ئاماژەیەکی سیمبوڵی بۆ سەرکردەیەک کە لە یەکەم ڕۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کوژرا، لە کاتێکدا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێ، تا ئێستا نەیتوانیوە لەسەر ئەو کورسییە دانیشێت.

خامنەیی چۆن کوژرا؟

عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا لەناو بارەگاکەی خۆیدا، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە کوژرا. بەڵام وردەکاری و چۆنیەتی کوژرانی ئەو هێشتا بۆ زۆرێک لە بەرپرسانی وڵات ناڕوونە. 
لەمبارەیەوە حوسێن سیامەیی سێراف، وەزیری حکومەتی ئێران دەڵێت: "کوژرانی ڕێبەر برینێکی ساڕێژنەبووە، بۆیە پێویستە لە هەر بۆنەیەکدا سەرەخۆشی لە یەکتر بکەین". هەروەها محەمەد موخبیر، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆچکردوو، پێیوایە کە "ماتەمی ڕێبەر لە دڵی خەڵکدا هەرگیز سارد نابێتەوە".

تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی حکومی بە دروستی ڕوونی نەکردووەتەوە کە ڕووداوەکە چۆن ڕوویداوە و چ هۆکارێک بووەتە هۆی کوژرانی، بەڵکو زیاتر هەوڵیانداوە وەک پاڵەوانێک نیشانی بدەن و شێوازی کوژرانەکەی بە قارەمانێتی بناسێنن، بەوەی کە لەناو شوێنی نیشتەجێبوون و نووسینگەکەی خۆیدا گیانی سپاردووە. بەڵام عەتا مەحامەد، نووسەری ئێرانی، لە ڕاپۆرتێکدا لە ماڵپەڕی "ئێران وایر" چەند گێڕانەوەیەکی جیاوازی بڵاوکردووەتەوە کە لە نێو لێشاوی هەواڵەکاندا سەرنجی پێویستیان نەدراوەتێ، لەوانەش گێڕانەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە.

گێڕانەوەی عەباس عێراقچی

عێراقچی لەم دواییانەدا باسی لە چۆنیەتی کوژرانی عەلی خامنەیی کردووە و وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی داوەتەوە کە دەوترا لە کاتی هێرشەکەدا لەوێ نەبووە. 
ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئەلمەیادین"ی لوبنانی وتی: "من لە کاتی کوژرانەکەیدا لە نووسینگەکەی بووم. کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، لە هەمان ئەو نووسینگەیەدا بووم. بیرتانە کە ئێمە ڕۆژی پێنجشەممە لە جنێف گفتوگۆمان دەکرد، ڕۆژی هەینی گەڕامەوە تاران و ڕۆژی شەممە ڕووداوەکە ڕوویدا. سەعات ٩ی بەیانی چوومە نووسینگەکەی بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی دانوستانەکانی جنێف بە بەرپرسێکی مەکتەبی ڕێبەر بدەم و باسی ئەو کەشەش بکەین کە لە ڕۆژی هەینییەوە دروست ببوو و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی زیاتر دەکرد. ئەو باڵەخانەیەی تێیدا دانیشتبووین کرایە ئامانج، بەڵام ئەو بەشەی ئێمەی لێبووین سەلامەت بوو، بەشەکەی تری باڵەخانەکە وێران بوو".

عێراقچی لە درێژەی وەسفەکەیدا وتی: "لە چرکەساتی تەقینەوەکەدا لەوێ بووم. یەکەم پرسیار کە بە مێشکمدا هات و نیگەرانی کردم ئەوە بوو: 'حاڵی جەنابی ڕێبەر چۆنە؟' هیوام دەخواست لەو کاتەدا لە نووسینگەکەی نەبێت، بەڵام بەپێی ڕۆتینی کارەکەی، پێشبینیم دەکرد لەوێ بێت".
وتیشی: "سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان لەو ڕۆژانەدا ئامادەکارییەکی سەربازیی بەربڵاویان لە دەوروبەرمان کردبوو و ئەگەری جەنگ زۆر بەرز بوو، بەڵام ورەی ڕێبەر بەجۆرێک بوو کە نەدەچووە ناو حەشارگەکان، بەڵکو لە نووسینگەکەی خۆیەوە بەردەوام بوو لە کارەکانی. لە دوو ڕۆژی یەکەمدا زۆر نیگەرانی دۆخی ئەو بووم، تا دواجار هەواڵی تیرۆرکردنی پشتڕاستکرایەوە".

گێڕانەوەی تیمەکانی فریاگوزاریی و ئاگرکوژێنەوە

پێش لێدوانەکانی عێراقچی، تیمەکانی فریاکەوتن گێڕانەوەی کورتیان لەسەر ڕووداوەکە دابوو. ئەمیر حوسێن میر محەمەد سادقی، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی خۆبەخشانی مانگی سوور، لە سەرەتای مانگی ئایاری ڕابردوودا ڕایگەیاند: "لە کاتی بۆردومانەکەدا لە دەرەوەی بارەگای سەرکردایەتی دانیشتبووین، بەهۆی ڕێوشوێنی ئەمنییەوە مۆبایلمان پێ نەبوو". 
سەبارەت بەو کەسانەی لەوێ بوون، وتی: "لە ڕۆژی یەکەمی هێرشەکەدا عەلی لاریجانی و ساڵحیم بینی، هاوڕێیانیش وتیان کە عێراقچیشیان بینیوە، بەڵام من خۆم نەمبینی. کەسانی دیکەش هەبوون کە بە تۆز و خۆڵەوە لە شوێنەکە دەهاتنە دەرەوە".

بەڵام ئەوانەی تەرمی ڕێبەری ئێرانیان دۆزیەوە، گروپێک بوون لە پیاوانی ئاگرکوژێنەوە. جەلال مەلەکی، وتەبێژی دەزگای ئاگرکوژێنەوە دەڵێت کە ئەو لەو تیمەدا بووە کە تەرمی ڕێبەری ئێرانیان لەژێر داروپەردودا دەرهێناوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە باوەڕی نەدەکرد ڕێبەر لەو شوێنە بێت، چونکە هەمیشە دەبیسترا کە کۆشک و شوێنی ئارامی هەیە. بەڵام ئەوەی لە گێڕانەوەکەیدا سەرنجی ڕاکێشا، زیادکردنی وردەکارییەکی نوێ بوو کە وتی: "ئەو ژوورەی هاوسێی ماڵی ڕێبەر بوو، ئەو شوێنە بوو کە نەوەکەی تێیدا کوژرا و تەرمەکەشی سووتا بوو".

 دۆخی جەستەیی خامنەیی دوای کوژرانی

تا ئێستا تەنها دوو گێڕانەوە لەسەر دۆخی جەستەیی عەلی خامنەیی دوای کوژرانی بڵاوکراونەتەوە. حوسێن کەرمانپوور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێرشەکە زیانی بە موجتەبا خامنەیی (ڕێبەری نوێ) نەگەیاندووە و برینەکان شێوەی دەموچاویان نەشێواندووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە موجتەبا تووشی بڕینەوەی ئەندامێکی جەستەی نەبووە "وەک ئەوەی بۆ ئیمامی شەهید ڕوویدا"، ئەمەش ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەوەی ڕێبەری پێشوو بەهۆی بڕینەوەی یەکێک لە پەلەکانیەوە گیانی لەدەستداوە.

لە یەکەم پەیامیشدا کە درایە پاڵ موجتەبا خامنەیی کوڕی، وەسفێکی دیکەی دۆخی باوکی دوای مردنی کراوە و نووسیویەتی: "شەرەفی بینینی تەرمەکەیم پێبڕا، ئەوەی بینیم چیایەک بوو لە خۆڕاگری، و بیستم کە بە دەستە ساغەکەی مستی توندگرژکردبوو )".

سەرەڕای ئەوەی ئەم گێڕانەوە دژ بەیەکانە وێنەیەکی ڕوون لە چرکەساتی مردنەکە نادەن بەدەستەوە، بەڵام وێنەی "مستی گرژکراو" بووەتە هێما بۆ ڕژێمی ئێران، بەجۆرێک پلانیان هەیە پەیکەرێک بۆ "مستی ڕێبەر" لە مەیدانی شۆڕش (میدان انقلاب) دروست بکەن.

جۆری ئەو موشەکانەی بەکارهێنران

لە ٣ی ئاداری ڕابردوودا، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی بارەگای سەرکردایەتییان کردووەتە ئامانج و باڵەخانە حکومی و ئەمنییەکانیان بۆردومان کردووە. میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی ئێرانیش گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "دوژمن تەنها بە هاوێشتنی موشەکی کرووز نەوەستاوە، بەڵکو هێرشی ئاسمانیشی کردووەتە سەر ئەم ناوچەیە".
عەلی نیکزاد، ئەندامی پەرلەمانی ئێران لەبارەی جۆری تەقەمەنییە بەکارهاتووەکانەوە وتی: "پێم ڕاگەیەندرا کە ئەو موشەکانەی بەر بارەگای سەرکردایەتی کەوتوون لە جۆری تێکشکێنەری قەڵاکان نەبوون، بەڵکو موشەکی کرووز بوون. پێویستە جیهان بزانێت کە ڕێبەری ئێمە لە ژێرزەمین یان حەشارگەدا نەبووە، بەڵکو خەریکی ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی وڵات بووە". 
ئەو وتیشی کە بەیانی شەممە لە نووسینگەکەی بووە و دەنگی تەقینەوەکەی بیستووە، پاش کاتژمێرێکیش هەواڵی کوژرانی ڕێبەر لایان پشتڕاستبووەتەوە.

هەواڵی کوژرانی چۆن ڕاگەیەندرا؟

بەیانی ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، وێنەیەکی مانگی دەستکردی بارەگای سەرکردایەتی بڵاوکرایەوە کە نیشانی دەدا بەر بۆردومانێکی توند کەوتووە. دوای ماوەیەکی کەم، ڤیدیۆیەکی شوێنی تەقینەوەکە بڵاوبووەوە کە تێیدا دووکەڵ و تۆز لە دەوروبەری بارەگاکە بەرز دەبووەوە.
یەکێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە باسی لەوە کرد کە دوای هێرشەکە چی بینیوە و وتی: "مەسعوود خامنەییمان بینی لە نووسینگەکەی دەهاتە دەرەوە، پێدەچوو درکی بەوە کردبێت چی بەسەر ئەندامانی خێزانەکەیدا هاتووە. لە دۆخێکی شڵەژاوی تونددا بوو، نەیدەتوانی تەنانەت بڕوات. کەمێک لەسەر قادرمەکانی باڵەخانە کارگێڕییەکە دانیشت، هاوسەرەکەشم چوو بۆ یارمەتیدانی. دەستیان گرت بۆ ئەوەی هاوسەنگی ڕاگرێت، پاشان یارمەتییان دا سەرکەوێتە ناو ئۆتۆمبێلێک کە لە بەشەکەی بەرامبەر وەستابوو".

سەرەڕای ئەم دیمەنانە و بوونی عێراقچی لە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام ناوبراو چەند کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئێمە ڕێبەرێک یان دووانمان لەدەستداوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورە نییە". لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "NBC" جەختیکردەوە: "تا ئەو شوێنەی من بزانم، ڕێبەری شۆڕش و سەرۆک کۆمار و هەموو بەرپرسە باڵاکان زیندوون و تەندروستییان باشە و هەموو شتێک جێگیرە".

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانیش هەمان ڕێڕەویان گرتەبەر و جەختیانکردەوە کە ڕێبەر هێشتا زیندووە. لە نێوانیاندا حەمید ڕەسائی نووسیویەتی: "له‌ ڕووی زانیارییه‌وه‌ ده‌نووسم كه‌ ئیمام خامنه‌یی له‌ ته‌ندروستییه‌كی ته‌واودایه‌، و وەک چۆن لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا بوو، سەرکردایەتی جەنگ دژ بە ئیستکباری جیهانی دەکات و بەرگری لە گەلی شەریفی ئێران دەکات".
لە هەمان کاتژمێردا، سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ترەمپ مێژوویەکی دوورودرێژی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانەدا هەیە. نموونەی پێشووی ئەم ڕەفتارەش بانگەشەی ڕووخانی شاری مەشهەد بوو، پێش ئەوەی دواتر دەرکەوێت کە ئەم بانگەشەیە هیچ بنەمایەکی نییە و تەنها پڕوپاگەندەی میدیایی بووە".
بەڵام دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران چەند کاتژمێرێک دواتر، هەواڵی کۆچی دوایی ڕێبەری ڕاگەیاند و ڕوونی کردەوە کە "ڕێبەری شۆڕش لە چرکەساتی کوژرانیدا خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بووە لە شوێنی کارەکەی خۆی".
پاشان سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد و وتی: "تیرۆرکردنی لەسەر دەستی تیرۆریستترین و جەلادترین کەرەستەکانی مرۆڤایەتی، بەڵگەیە لەسەر ڕەوایی ئەم سەرکردە مەزنە و قبوڵبوونی خزمەتە دڵسۆزانەکانی".
سەبارەت بە چۆنیەتی بڕیاردان لەسەر ڕاگەیاندنی هەواڵەکە، عەلی نیکزاد وتی: "سەعات یەک و نیوی شەو بوو، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاردرا کە ئەم هەواڵە پێش بانگی بەیانی ٢٨ی شوبات، کە هاوکات بوو لەگەڵ ١١ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، لە ڕێگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بە گەلی ئێران ڕابگەیەنرێت. خەڵک هەستیان کرد سێوەرە بوون، و تیرۆرکردنی ڕێبەرمان دەستی بۆ غیرەتی ئاینییمان برد".

سەرەڕای ئەوەی سەرجەم گێڕانەوەکان جەختیان لەسەر لایەنە پاڵەوانێتییەکانی ڕێبەر دەکردەوە، بەڵام مەهدی خەڕاتیان، شرۆڤەکاری سیاسی، خوێندنەوەیەکی جیاوازی پێشکەش کرد و وتی: "ڕێبەری شۆڕش بەردەوام بەپێی پرۆتۆکۆڵی ئەمنی ئاڵۆز دەگوازرایەوە، و بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان سەردانی نووسینگەکەی دەکرد، هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی بە بەردەوامی دەگۆڕی. بۆیە من ناتوانم کوژرانی ئەو لێکبدەمەوە مەگەر لە چوارچێوەی هەبوونی دزەکردنی ئەمنیدا (سیخوڕی)".

تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەیی

لە دوای ڕاگەیاندنی مردنی عەلی خامنەیی، بەرپرسانی ڕژێمی ئێران داواکارییەکانیان بۆ تۆڵەسەندنەوە دووبارە کردەوە. عەلی ڕەزا پەناهیان، پیاوی ئاینی، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا داوای لە بەرپرسان کرد کە چاوەڕوان نەکەن و وتی: "مەوەستن، لەناویانبەرن. ئەگەر تۆڵەی ڕێبەر لە دوژمنی زەلیل نەکرێتەوە، ئاسایشی سەرکردەکانی داهاتوومان لە مەترسیدا دەبێت". جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر پرسی ڕاگرتنی شەڕیش بێتە پێشەوە، نابێت قبوڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت هەڵوێستی یەکگرتووی بەرپرسان تەنها "تۆڵە، تۆڵە" بێت.
ژمارەیەک لە مەرجەعەکانی شیعەش پشتگیری ئەم ئاڕاستەیەیان کرد. حوسێن نووری هەمەدانی، یەکێک لە مەرجەعەکان لە قوم، فەتوایەکی دەرکرد و ڕایگەیاند: "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی ڕێبەر لەسەر هەموو موسڵمانان لە هەر شوێنێکی جیهان بن، واجبە". 

بەڕێوبەری نووسینگەکەشی ڕوونیکردەوە کە تۆڵەکردنەوەی ئەم خوێنە ئەرکێکی شەرعییە و دەکەوێتە سەر شانی موسڵمانان.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی دیکە پرسی تۆڵەسەندنەوەیان لە چوارچێوەی چەمکی "قیساس"دا هێنایە بەرباس. عەلی شیرازی، سەرۆکی ڕێکخراوی بیروباوەڕی سیاسی لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وتی: "ئێمە بەردەوامین لە وەفاداری بە پەیمانەکەمان و داوای تۆڵەیەکی سەخت لە بەرپرسانی تیرۆرکردنی ڕێبەرمان دەکەین. پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی یاسایی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم تاوانە بخەنە پێشینەی کارەکانیان، و حوکمی خوایی بەسەر بکوژانی ئیمامدا لەبەردەم گشتیدا جێبەجێ بکرێت".
بەڵام بەشێک لە گوتاری فەرمی چەمکی تۆڵەسەندنەوەی تێپەڕاند بۆ بیرۆکەی ڕیشەکێشکردن؛ ئیمامی جومعەی شاری کەرەج ڕایگەیاند کە "خوێنی مەزڵۆمانەی ئیمام خەڵکی بەئاگا هێنایەوە، و کاریگەرییەکەی تەنها لەسەر کۆمەڵگەی لایەنگر نەبوو، بەڵکو سەرنجی گەلانی دیکەشی بۆ ماناكانی ڕاستی و دادپەروەری ڕاکێشا". جەختیشی لەسەر پێویستی تۆڵەکردنەوەی خوێنی ڕێبەر کردەوە و پێی وابوو کە "دیهێنانی ئەم تۆڵەیە تەنها بە ڕیشەکێشکردنی ستەم و تاغوت دەبێت".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو