تورکیا و ئیسرائیل؛ بە ڕووکار دوژمن و لە پشتەوە دۆست
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لێدوانێکی وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی "ئازادکردنی شاری قودس"، جارێکی تر بازاڕی شەڕەقسە و دەمەدەمی میدیایی و لێدوانەکانی لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا گەرمکردەوە.
ئەم دوو وڵاتە کە ماوەیەکە هێرشە میدیاییەکانیان بۆ سەر یەکتری زیاتر بووە، سەرباری جیاوازیی زۆریان لە تێڕوانین و سیاسەت و ئاراستە و فیکردا، بەڵام وادیارە ناتوانن دەستبەرداری یەکتری ببن.
مێژوویەکی دێرین و ئێستایەکی لێڵ
تورکیا لە ساڵی ١٩٤٩ یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان بوو کە دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا. بۆ چەندین دەیە، ئەم دوو وڵاتە هاوپەیمانی ستراتیژیی سەربازی و ئابوری بوون. بەڵام ئەمڕۆ، ئەو هاوپەیمانییە گۆڕاوە بۆ "ڕکابەرییەکی جیۆپۆلیتیکی توند" و ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سارد کە پێشتر وێنەی نەبووە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا تورکیا و ئیسرائیل یەکتری بە دوژمن دەبینن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، گۆشەنیگای هەردوو وڵات جیاوازە.
ئەنقەرە هەرچەندە بە فەرمی جەنگی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕاشکاوی هۆشدارییداوە کە "ئیسرائیل دوای غەززە و لوبنان، چاوی بڕیوەتە خاکی تورکیا".
تورکیا ئیسرائیل بە ئەنجامدانی "جینۆساید" تۆمەتبار دەکات و بە ئاشکرا پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس دەکات، کە وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانی دەیبینێت، نەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.
لەبەرامبەردا ئیسرائیل تورکیا وەک "هەڕەشەیەکی جیۆپۆلیتیکی گەورە" دەبینێت. ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێت تەلئەبیب خۆی بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی لەگەڵ تورکیا لە ساڵانی داهاتوودا ئامادە بکات.
هاوکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەژموونی تورکیا، ئیسرائیل پەنای بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی سەربازی لەگەڵ یۆنان و قوبرس بردووە.
لەنێوان دیبلۆماسییەت و ئەگەری شەڕدا
لەئاستی دیپلۆماسییدا، باڵوێزخانەکانی هەردوولا لە ڕووی یاساییەوە دانەخراون، بەڵام لە واقیعدا زۆر بێ ڕۆڵ و لاواز بوون.
ئیسرائیل لە ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ، هیچ دیبلۆماتکارێکی نەماوە و بە هۆکاری ئەمنی گەڕاونەتەوە، کارەکانیان لە وڵاتانی ترەوە بەڕێوە دەبەن.
لە تەلئەبیبیش تورکیا ئاستی نوێنەرایەتییەکەی بۆ "کاربەڕێکەر" کەمکردووەتەوە و باڵوێزەکەی بۆ ڕاوێژ بانگکردووەتەوە.
ڕەنگە پرسیاری ئەوە بکەن کە ئەگەر پویوەندییەکە ئەوەندە ئاڵۆزە، چۆنە کە شەڕ و هێرش و پێکدادان "ئەگەر بچووکیش بێت"، لەنێوان هەردوو وڵاتدا ڕوونادات؟
وەڵامەکەش ئەوەیە کە هێشتا بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات هێندە توند بەریەک نەکەوتوون، ئەمە سەرباری ئەوەی هەردووکیان خاوەنی دۆستی هاوبەشن (ئەمەریکا و ناتۆ). تورکیا ئەندامێکی گرنگی ناتۆیە و ئیسرائیلیش نزیکترین هاوپەیمانی ئەمریکایە؛ بۆیە ڕوودانی وەها شەڕێک قورسە.
ئابوریی و هەواڵگیریی؛ پەیوەندییەکی پتەو لە دەرگای پشتەوە
سەرسوڕهێنەرترین بەشی ئەم پەیوەندییە، لایەنە ئابوورییەکەیەتی. هەرچەندە تورکیا بە فەرمی بڕیاری "بایکۆتی تەواوی بازرگانی" لەگەڵ ئیسرائیل داوە، بەڵام ئامارەکان چیرۆکێکی تر دەگێڕنەوە.
بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، هێشتا باری تورکی (خۆراک، چیمەنتۆ و پۆڵا) دەچێتە بەندەرەکانی یۆنان و بولگاریا و قوبرس، لەوێ ناسنامەی کاڵاکان دەگۆڕدرێت و دواتر ڕەوانەی ئیسرائیل دەکرێن.
هاوکات تائێستاش نەوتی ئازەربایجان لە ڕێگەی بۆریی "باکۆ-تەبلیسی-جیهان"ـەوە دەگاتە بەندەرەکانی تورکیا و لەوێوە بە کەشتی بۆ ئیسرائیل دەگوازرێتەوە، کە سەرچاوەیەکی وزەی سەرەکییە بۆ تەلئەبیب.
لەلایەکی دیکەوە، بوارێکی تر کە هێشتا پەیوەندیی هەردوو وڵات تیایدا بەهێزە، هەواڵگرییە. لە پشت پەردەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوولا (میت و موساد) پەیوەندییەکانیان نەپچڕاندووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە پێکدادانێکی نەخوازراو، بەتایبەت لە گۆڕەپانی سوریادا کە بەلای هەردوو وڵاتەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە.