لە دروستکردنی نەخۆشخانەوە بۆ هەژماری تایبەت؛ چۆن جەمال کەربولی ٤.٥ ملیۆن دۆلاری مانگی سووری بردووە؟
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دادگای کەرخ لە بەغدای پایتەخت، بڕیارێکی نوێی دژی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، جەمال کەربولی دەرکرد و پابەندی کرد بە گەڕاندنەوەی بڕی ٤.٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی.
بەهەدەردانی پارەی سعوودییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت
کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڕایگەیاند کە ئەم حوکمە پاڵپشتە بەو دۆسیە و سەرپێچییە داراییانەی پێشتر لەلایەن دەزگا چاودێریی و دادوەرییە پسپۆڕەکانی بواری نەزاهە و گەڕاندنەوەی دارایی گشتییەوە تۆمارکرابوون، کە پەیوەندییان بەو کاتەوە هەبووە کە کەربولی بەرپرس بووە لە کۆمەڵەکەدا.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دادگا، کە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەیف عەباس مخلف" دەرچوون، حوکمەکە دوای ئەوە هاتووە کە سەلمێنراوە کەربولی لە کاتی کارکردنیدا وەک جێگری سەرۆکی کۆمەڵەکە، دەستی بەسەر ئەو پارەیەدا گرتووە کە لەلایەن چەند کەسایەتییەکی سعوودییەوە پێشکەش کرابوو. ئەو بەخشینە لە بنەڕەتدا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی سعوودی لە بەغدا تەرخانکرابوو، بەڵام ناوبراو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی گواستبوویەوە.
سزا یاساییەکانی پێشوو
ئەم بڕیارە مەدەنییە نوێیە، پاڵپشتە بە حوکمێکی پێشووتری دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، کە تێیدا کەربولی بەپێی ماددەی (٤٥٣) لە یاسای سزادانی عێراقی تاوانبار کرابوو، سزای یەک ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرابوو. دوای ئەوەی حوکمە سزاییەکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە پەسەندکرا و پلەی کۆتایی وەرگرت، ماف بە کۆمەڵەی مانگی سوور درا کە لە دادگا مەدەنییەکاندا داوای قەرەبوو بکاتەوە.
تێچووی دادگا
دادگا لە حوکمەکەیدا، کە بە شێوازی پاشملە (غیابی) بۆ تۆمەتبار و ئامادەیی (حزوری) بۆ داواکار دەرچووە، بڕیاریدا بە بارکردنی سەرجەم تێچووەکانی دادگاییکردن و کرێی پارێزەری مانگی سوور لەسەر شانی کەربولی.
مانگی سووری عێراقی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیی، و ڕاوەدوونانی ئەو پارانەی بە نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و دامەزراوە مرۆییەکان.