ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەکڕێت

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ

ئێران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەکڕێت

پەنجەرە

لە ڕووداوێکی نوێدا لەسەر ئاستی بازرگانی و ئەمنی ناوچەکە، سەرچاوەیەکی ئاگادار و تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند کە ئێران دەستیکردووە بە کڕینی بەلێشاوی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی.

جۆری ئۆتۆمبێلەکان و کڕیارەکان

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پرۆسەی کڕینەکە زیاتر ئۆتۆمبێلە گەورەکان و جۆرە گرانبەهانی وەک لێکسز و ئۆتۆمبێلی گەورە و هاوشێوەکانی دەگرێتەوە. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە کڕیارانی ئەم ئۆتۆمبێلانە هاووڵاتیانی ئێرانین و ڕاستەوخۆ لە بازاڕەکانی هەرێمەوە مامەڵەکان ئەنجام دەدەن.

شێوازی گواستنەوە و مەترسییە ئەمنییەکان

سەبارەت بە میکانیزمی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان، سەرچاوەکە بۆ پەنجەرە ئاشکرای کرد: ئەم ئۆتۆمبێلانە بە تابلۆی عێراقییەوە دەبرێنە ناو خاکی ئێران، پێشبینی دەکرێت لەوێ تابلۆکانیان لێ بکرێتەوە و فڕێ بدرێن."

هاوکات، سەرچاوەکە هۆشداریدا لە لێکەوتە ئەمنییەکانی ئەم دیاردەیە و ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە بە تابلۆی عێراقییەوە لە ڕووی ئەمنییەوە مەترسیدارە، بەتایبەت ئەگەر لە داهاتوودا بۆ مەبەستی چالاکی نایاسایی تر بەکاربهێنرێن.

پەیوەندی بە گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە هەیە؟

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرچاوە ئاگادارەکەی پەنجەرە جەختی لەوە کردەوە کە ڕەنگە ئەم لێشاوی کڕین و بردنی ئۆتۆمبێلە بۆ ئێران، بەشێکی پەیوەندی بە دۆخی ناوچەکە و دۆسیەی داخستنی گەرووی هورمزەوە هەبێت، کە کاریگەری کردووەتە سەر هێڵەکانی گواستنەوە و هاوردەکردنی کاڵا بۆ ئەو وڵاتە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو