پەکەکە بە لێدانی تونێلی نوێ لە شاخەکاندا وەڵامی فراوانبوونی سەربازیی تورکیا دەداتەوە
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە دۆخی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، زانیاری نوێی لەسەر ئامادەکاری و جووڵە سەربازییەکانی پەکەکە لە بەرامبەر سوپای تورکیادا بۆ پەنجەرە ئاشکرا کرد.
سەرچاوەکە ڕایگەیاند کە هاوتای فراوانبوونی هەژموونی سەربازیی تورکیا و دروستکردنی بنکە و سەربازگەی نوێ لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پەکەکەش کەوتوونەتە جووڵە و زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتووەتەبەر.
ئەو سەرچاوە سیاسییە ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی بەرگرییاندا و لە بەرامبەر جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا، گەریلاکانی پەکەکە لە ئێستادا بەدرێژایی ئەو ناوچە شاخاوییانەی کە لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، سەرقاڵی لێدانی تونێلی نوێن لە ناو جەرگەی شاخەکاندا، بە ئامانجی خۆپاراستن و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوییە سەربازییەکانی ئەنقەرە.