کورسییە تاقانەکەی سۆسیالیست و شیوعی؛ کێشەکە کاتە یاخود ستراتیژ؟
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٥٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حزبی شیوعی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە بە هاوپەیمانێتییەک پێکەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کردبوو و توانیان تەنها یەک کورسی بەدەستبهێنن، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سیاسیی نوێدان. بەپێی ڕێککەوتنی پێشوەختەی نێوانیان، بڕیار وایە دوو ساڵی یەکەم کورسییەکە بۆ سۆسیالیست بێت و دوو ساڵی دووەم بدرێتە حزبی شیوعی.
کێشەی کات و دەستبەکارنەبوونی پەرلەمان
ئێستا کە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئەو کورسییە لای پارتی سۆسیال دیموکراتە، هێشتا پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی دەستبەکار نەبووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنها ٦ مانگی تر نۆرەی حزبی شیوعییە بۆ ئەوەی بەپێی ڕێککەوتنەکە کورسییەکە وەربگرێتەوە، بەبێ ئەوەی نوێنەرەکەی سۆسیالیست لەم ماوەیەدا توانیبێتی وەک پەرلەمانتارێکی کارا لە هۆڵی پەرلەماندا ئامادە بێت.
کورسییەک و دوو ستراتیژی جیاواز
چارەنووسی ئەم کورسییە تاقانەیە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نییە، بەڵکو هاوکێشەیەکی سیاسی گرنگە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.
گەر کورسییەکە لای سۆسیالیست بمێنێتەوە تا کاتی پێکهێنانی حکومەت، پێدەچێت تەنها پەرلەمانتارەکەیان دەنگ بە کابینە وزارییەکە بدات و پشتگیریی بکات. لەکاتێکدا گەر کورسییەکە بدرێتەوە بە حزبی شیوعی هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە؛ بەوپێیەی حزبی شیوعی پێشوەختە خۆی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاندووە، دەنگ بە کابینەی نوێی حکومەت نادات.
زانیارییەکانی پەنجەرە چی دەڵێن؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "پەنجەرە" کەوتوون، تا ئێستا حزبی شیوعی بە فەرمی هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات نەکردووە سەبارەت بە وەرگرتنەوەی کورسییەکە، بەڵام بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە بە فەرمی بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ و یەکلایی بکرێتەوە.