مۆندیالی ٢٠٢٦: چۆن دووریی ڕێگا و جیاوازیی کات، نەخشەی هاندانی عەرەبی سەرەوژوور دەکات؟
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٥٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا هەشت هەڵبژاردەی عەرەبی بەشداریی مۆندیالی ٢٠٢٦ دەکەن، ئەمەش هاندەری عەرەب دووچاری ئاستەنگی گەورە دەکات.
ئەم مۆندیالە کە بۆ یەکەمجار لە سێ وڵات (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) و لە ١٦ شار و بە درێژایی هەزاران کیلۆمەتر بەڕێوەدەچێت، واقیعێکی جوگرافی، سیاسی و ئابووریی تەواو جیاواز دەسەپێنێت لەوەی کە هاندەران لە مۆندیالی قەتەر ٢٠٢٢دا ئەزموونیان کرد.
مۆندیال، هاندەری عەرەب دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی یەکجار ئاڵۆز کە تێیدا بەربەستەکانی ڤیزا، دووریی ڕێگاکان، تێچووی گەشتکردن و گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە هەرێمییەکان تێکەڵ بەیەک دەبن، جگە لە کێشەی جیاوازیی کات کە شێوازی ژیانی ڕۆژانە، کار و خەو لە جیهانی عەرەبیدا سەرەوژوور دەکات.
سیاسەت
ئاستەنگەکان لە دەروازە توندوتیژەکانی کۆچ و کۆنترۆڵی سنوورەکانەوە دەست پێدەکەن؛ بەجۆرێک بەربەستی گەورە بۆ هاندەر دروست دەبێت بەتایبەت لەمەسەلەی ڕەتکردنەوەی پێدانی ڤیزای ئەمریکی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتانی وەک جەزائیر، عێراق و میسر، کە لە هەندێک حاڵەتدا لە ٤٠% تێدەپەڕێت.
ئەم بەربەستە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ کەشوهەوایەکی شێواوی هەرێمی لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ بەو پێیەی قەیرانی گەرووی هورمز، شۆکی کەرتی وزە و ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی لە کۆتایی شوباتی ڕابردووەوە بەردەوامن، فشارێکی توندیان خستووەتە سەر جوڵەی گواستنەوەی ئاسمانی و هێڵەکانی دابینکردن.
دەرهاوێشتەکانی ئەم قەیرانە نرخی تکتی ئێجگار بەرز کردووەتەوە بە ڕێژەیەک لە نێوان ٢٥% بۆ ٤٠%، ئەمەش دۆخێکی نادیاری دروستکردووە کە بە تەواوی پێچەوانەی مۆندیالی چوار ساڵ لەمەوبەری دەوحەیە، کە تێیدا لە ڕێگەی کارتی یەکگرتووی "هەییا"وە نزیکیی جوگرافی، کولتووری و ئاسانکاریی هاتوچۆ بۆ هاندەران دابینکرابوو.
پەراوێزخستنی جوگرافی و جێگرەوەی کۆچبەران
دۆخەکە بۆ رەوەندی عەرەبی لە ئەمەریکای باکور ئاسانترە، کە ژمارەیان لە ٤.٥ ملیۆن کەس تێدەپەڕێت.
عەرەبی نیشتەجێی شارە گەورەکانی وەک دیترۆیت، شیکاگۆ، نیویۆرک، نیوجێرسی، مۆنتریال و تۆرۆنتۆ، دەتوانن ببنە هاندەری گەورەی تیمە عەرەبییەکان و جێی ئەو هاندەرانە بگرنەوە کە ناتوانن گەشت بکەن.
ئەم جێگرەوە ناوخۆییە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە بەهۆی فراوانیی ڕووبەری پاڵەوانێتییەکەوە، کە گەورەترینە لە مێژووی مۆندیالدا لە ساڵی ١٩٣٠وە.
هاندەرێک کە بیەوێت تەنها لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا هاوڕێیەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات، ناچارە مەودای زیاتر لە ٤٠٠٠ کیلۆمەتر بە ئاسماندا لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر ببڕێت، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نرخی پێوانەیی تکتی یارییەکان کە لە ١٥٠ دۆلارەوە دەست پێدەکات و لە قۆناغە کۆتاییەکاندا لە ١٢٠٠ دۆلار تێدەپەڕێت، بەبێ ئەژمارکردنی تێچووی بەرزی نیشتەجێبوون و گواستنەوەی ناوخۆیی؛ ئەمەش وایکردووە ئامادەبوونی مەیدانی ببێتە بارگرانییەکی دارایی کە تەنها چینی دەوڵەمەند یان ڕەوەندە نیشتەجێبووەکان توانای دابینکردنیان هەبێت.
کێشەی جیاوازیی کات
بابەتەکە تەنها لەسەر ئاستەنگی دووری مەودا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ فاکتەری کات کە ئەزموونی مۆندیال لەسەر ئاستی جەماوەری و پێکهاتەیی سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
بەهۆی جیاوازیی زۆری کات لە نێوان ئەمریکای باکوور و پایتەختە عەرەبییەکاندا، ڕێژەیەکی زۆری یارییەکان لە کاتەکانی درەنگانی شەو یان بەرەبەیاندا بۆ ملیۆنان هاندەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەڕێوەدەچن، بەتایبەت ئەو یارییانەی کە شارەکانی کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا (وەک لۆس ئەنجلۆس، سیاتڵ و ڤانکۆڤەر) میواندارییان دەکەن.
ئەم واقیعە تەحەددییەک بۆ ژیانی ڕۆژانە دروست دەکات، چونکە دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی خەو و کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرنامەی رۆژانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ملیۆنان کەس لە ڕێگەی شاشە زەبەلاحەکانەوە لە کازابلانکا، جەزائیر، تونس، قاهیرە، ڕیاز، بەغداد و دەوحە، کەشوهەوایەکی مۆندیالی هاوتەریب دروست دەکەن.
ئەنجام
مۆندیالی ٢٠٢٦ تەنها تاقیکردنەوەیەکی وەرزشی نییە بۆ هەشت هەڵبژاردە عەرەبییەکە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ستراتیژییە بۆ توانای ناوچەکە لە گۆڕینی ڕووداوێکی جیهانی کە هەزاران کیلۆمەتر دوور و لە کاتێکی درەنگدا بەڕێوەدەچێت، بۆ دەرفەتێکی ئابووری، میدیایی و کولتووری ناوخۆیی. لەکاتێکدا شەڕە ڕاستەقینەکانی تۆپی پێ لە یاریگاکانی ئەمریکای باکووردا دەبن، کاریگەرییە زیندوو و کۆمەڵایەتییەکانی لە دڵی شارە عەرەبییەکاندا لەدایک دەبن، کە تێیدا تۆپی پێ جارێکی تر دەبێتەوە بە زمانێکی بەدەر لە سنوور، جوگرافیا و سیاسەت بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی هاوتەریب کە بنەماکەی "خولیایە".