یاسای "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"؛ مشتومڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٥٨ پاش نیوەڕۆ

یاسای "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"؛ مشتومڕی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان

پەنجەرە

کاتێک یاسای "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە" لەلایەن هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری بزووتنەوەی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان پەسەند کرا، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دروستبوو، بەڵام بزووتنەوەی تاڵیبان یاساکەی خستەبواری جێبەجێکردنەوە.

 یاساکە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەفغانستانەوە دەرچوو، دوای ئەوەی وەزارەتی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە" بۆ ماوەی ساڵێک سەرپەرشتی نووسینەوە و تاوتوێکردنی کرد. دواتر یاساکە بەرزکرایەوە بۆ نووسینگەی ڕێبەری تاڵیبان و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر دا و فەرمانی بە جێبەجێکردنی لە سەرانسەری وڵاتدا کرد، ئەمەش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی بەخشییە وەزارەتی فەرمان بەچاکەو نەهی لەخراپە.

کاتێک یاساکە دەرکرا، وەزیرانی دەرەوە و سیاسییەکانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی و نەتەوە یەکگرتووەکان یاساکەیان سەرکۆنە کرد و ڕایانگەیاند کە: "ئەم یاسایە ئازادییەکانی ژنان سنووردار دەکات و لە ماف بێبەشیان دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە بەرەو چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەفغانستاندا."

“بۆ تانەدان و ناڕەزایەتی”

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان نائومێدی و نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر "سنووردارکردنی ئازادییە ئاینییەکان" دەربڕی، بەڵام هاوکات ئاماژەی بە بوونی هەندێک خاڵی ئەرێنی لە یاساکەدا کرد، وەک قەدەغەکردنی دیاردەی "باشا بازی" (کە جۆرێکە لە گێچەڵی سێکسی و پێشێلکاری دژ بە منداڵان و مێردمنداڵانی کوڕ).

شێخ خالید حەنەفی، وەزیری "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"ڕایگەیاند: یاسای فەرمان بەچاکەو نەهی لەخراپە یەکەمین یاسابوو کە لەلایەن ڕێبەری بزووتنەوەکەوە واژۆ بکرێت. سەرجەم ماددەکانی لە فیقهی حەنەفییەوە وەرگیراون، و لەمەودوا کەس بۆی نییە بڵێت تاڵیبان یاسای نەنووسیوەتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان وتی: ئەم یاسایە لەسەر بنەمای ئەحکامە ئیسلامییەکان نووسراوە، هەرکەسێک ڕەخنەی لێبگرێت وەک ئەوە وایە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئاین دەربڕیبێت. خاڵێکی سەرەکی هەیە کە ئەم یاسایە بە زەبروزەنگ جێبەجێ ناکرێت و بە نەرمی لەگەڵ گەلدا مامەڵە دەکەین، بەڵام هیچ کەسێک، هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، مافی تانەدان و ناڕەزایەتی دەربڕینی نییە."

لە بەرامبەردا، سارە وەحیدی، چالاکوانی مافەکانی ژنانی ئەفغانستان دەڵێت: "ئامانج لە پەسەندکردنی ئەم یاسایە سڕینەوەی سیستماتیکی ژنانە لە وڵاتدا. پۆلیسی ڕەوشت دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە یاساکە بەو شێوازەی خۆی گونجاوی دەبینێت لێکبداتەوە و جێبەجێی بکات، ئیتر چ بە دەستگیرکردن بێت یان بە سزادان. من نازانم هۆکاری ئەم دوژمنکارییە لەگەڵ ژنی ئەفغانستاندا چییە؟"

ئەم یاسایە لە ٣٥ ماددە پێکدێت و لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە. ئەمە وەک یەکەمین ڕاگەیاندنی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلامی دادەنرێت لە ئەفغانستاندا، لەو کاتەوەی تاڵیبان لە هاوینی ٢٠٢١دا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و جێبەجێکردنی شەریعەت بە بەشێک لە سیاسەتی خۆی دەزانێت.

ئاڵۆزبوونی دۆخەکە

بە بڕوای شارەزایانی یاسا، ئەوەی لە ژێر ناوی ئەم یاسایەدا بڵاوکراوەتەوە، زاراوەی "یاسا"ی بەسەردا جێبەجێ نابێت، چونکە تەنها ئەحکامی فیقهین. هەروەها تێکەڵاوبوونی دەسەڵات لە نێوان دادگای باڵا و وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپەدا هەیە کە ئەرکی جێبەجێکردنی پێسپێردراوە، و ڕێبەری تاڵیبانیش لە یەک کاتدا ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دەبینێت.

عەبدولکەریم سادات، شارەزای یاسایی ڕایگەیاند: تاڵیبان لەوەتەی هاتووەتە سەر دەسەڵات، نەیتوانیوە دەستوورێک بنووسێتەوە کە یاسا فەرعییەکان ڕێکبخات. ئەو وتیشی: "ڕێبەری بزووتنەوەکە لە ڕێگەی دەرکردنی مەرسوومەوە کاروباری وڵات بەڕێوەدەبات، ئەم یاسایەیش بەو میکانیزمە باوەی وڵاتدا تێنەپەڕیوە کە بۆ پەسندکردنی یاساکان هەیە." سادات پێی وایە یاساکە گشتگیر نییە، چونکە هیچ ئاماژەیەکی بە مافی شیعەکان و کەمینەکانی دیکەی وەک هیندۆس و سیخ نەکردووە، و میکانیزمی جێبەجێکردنەکەشی زۆر ئاڵۆزە.
چاودێران پێیان وایە یاساکە ڕێگا بۆ ڕەوتە توندڕەوەکانی ناو تاڵیبان خۆش دەکات و دۆخی ئەفغانستان ئاڵۆزتر دەکات، هاوکات دەبێتە هۆی دواخستنی دانپێدانی نێودەوڵەتی بەو حکومەتەی کە تاڵیبان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١ پێکیهێناوە. بە بڕوای ئەوان، کابوڵ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆی نێودەوڵەتی لە ژێر سایەی ئەم جۆرە یاسایانەی کە دژ بە ژنانی ئەفغانستان دەرکراون. بەڵام وەزارەتی فەرمان بە چاکە جەخت دەکاتەوە کە "هیچ بوارێک بۆ سازشکردن لەگەڵ ڕەخنەگرانی ئەم یاسایەدا نییە و حیجاب و جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی هێڵی سوورن."

ناوەڕۆکی یاساکە
یاسا نوێیەکە چەند بەشێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
 سێ بەشی یەکەم: پێناسەی "موحتەسیب" (ئەو کەسەی ئەرکی جێبەجێکردنی یاساکەی لەئەستۆیە) و پیشەکەی دەکات، و ڕوونکردنەوە لەسەر دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی دەدات لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوان و زیندانیان.
 بەشی چوارەم: باسی ئەو ئەحکامە جیاوازانە دەکات کە پەیوەندییان بە یاساکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنیەوە هەیە.
یاساکە بە شێوەیەکی تایبەت جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "پێویستە ژنان تەواوی جەستەیان داپۆشن لە کاتی ئامادەبوونی ئەو پیاوانەی کە مەحرەمیان نین"، هەروەها داپۆشینی دەموچاویشیان "لەبەر ترسی فیتنە" بە پێویست دەزانێت. خاڵێکی دیکە کە کاردانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی ژنانی لێکەوتووەتەوە ئەوەیە کە یاساکە دەڵێت: "دەنگی ژن عەورەتە".
 ماددەی ١٣ (تایبەت بە حیجابی ژنان): دەڵێت "واجبە دەموچاو، دەنگ و جەستەی ژن دابپۆشرێت و بشاردرێتەوە لەبەر ترسی فیتنە".
 ماددەی ١٤ (تایبەت بە پیاوان و عەورەتیان): موحتەسیب مافی ئەوەی هەیە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو پیاوانەدا بکات کە پابەندی بەندەکانی ئەم یاسایە نابن.

یاساکە هیچ جیاکاری و بەدەرکردنێکی تێدا نییە و پێویستە لەسەر سەرجەم کەسەکان، بە بیانییەکانیشەوە کە لە ئەفغانستان دەژین، جێبەجێی بکەن. وەزارەتی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە" بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی، و یاساکە دەستوەردەداتە ناو سەرجەم کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی خەڵکی ئەفغانستان.
لە کاتێکدا کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ژنانی گوند و لادێکان نابێت چونکە ئەوان خۆیان پەیڕەوی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی لە شارە گەورەکان و بەتایبەت لە کابوڵی پایتەختدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و تەحەدای جیددی دەبێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو