دوای ١٠ ساڵ لە ونبوونی؛ سەرەداوێکی نوێ ناوی کچە مۆدێلێکی ئەڵمانی دەبەستێتەوە بە دۆسیەی "ئێپستاین"ەوە

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٥ پاش نیوەڕۆ

دوای ١٠ ساڵ لە ونبوونی؛ سەرەداوێکی نوێ ناوی کچە مۆدێلێکی ئەڵمانی دەبەستێتەوە بە دۆسیەی "ئێپستاین"ەوە

پەنجەرە

دوای زیاتر لە دە ساڵ لە ونبوون و نادیاری چارەنوسی، ناوی کچە مۆدێلی ئەڵمانی "میشێل" لە نێو مەلەفە نهێنییەکانی جێفری ئێپستایندا دەرکەوتەوە. لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی میدیا ئەڵمانییەکان، بەدواداچوون بۆ سەرەداوێکی نوێ دەکات لە دۆسیەیەکدا کە ساڵانێکە وەک برینێکی کراوە لە جەستەی خێزانەکەیدا ماوەتەوە.

لە پایزی ساڵی ٢٠١٥دا، میشێل بە جانتایەکی سەفەرەوە ماڵی  بەجێهێشت؛ نە نامەیەکی نووسی و نە ئاشکرای کرد بۆ کوێ دەچێت، لەو ڕۆژەوە نەگەڕایەوە. بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ، خێزانەکەی تەنها لەبەردەم یەک پرسیاری بێ وەڵامدا مابوونەوە: ئایا ئەم کچە گەنجە بە ویستی خۆی خۆی شاردووەتەوە، یان کارەساتێکی بەسەرهاتووە؟

ئێستا و دوای ساڵانێک لە سڕبوونی دۆسیەکە، سەرەداوێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش کە لەلایەن بەرنامەی بنکۆڵکاریی (Die Spur)ی سەر بە کەناڵی ZDFی ئەڵمانی، بە هاوکاری گۆڤاری "دێر شپیگل" و سەکۆی میدیایی "paper trail media" ئەنجامدراوە، ناوی میشێل لە ناو مەلەفەکانی جێفری ئێپستایندا دۆزراوەتەوە؛ ئەو ملیۆنێرە ئەمریکییەی کە بە تاوانە سێکسییەکان تۆمەتبار کرابوو و ناوی بە یەکێک لە گەورەترین تۆڕەکانی قاچاخچێتی و قۆستنەوەی کچانی خوار تەمەن یاسایی و گەنجانەوە بەسترابووەوە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە زیندانەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی بهێنێت.

سەرهەڵدانی ناوەکەی بە تەنها بەس بوو بۆ کولانەوەی برینی بنەماڵەکەی، بەڵام لێکۆڵینەوە ئەڵمانییەکە زانیاریی زۆر وردتر لە تەنها ئاماژەیەکی سەرپێی ئاشکرا دەکات. لە نامەگەلێکدا کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ٢٠١٤ دەگەڕێتەوە (واتە ساڵێک پێش ونبوونی میشێل)، راوچییەکی کچانی مۆدێل بە ناوی "دانیال سیاد" وێنەکانی میشێلی بۆ ئێپستاین ناردووە. لە نامەیەکی دیکەشدا، سیاد لە ئێپستاین دەپرسێت ئایا دەیەوێت بلیتێکی گەشت بۆ میشێل ببڕێت، وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ئەو "کچە ئەڵمانییەیە کە پێشتر لەدەستی چووبوو".

تائێستا هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی نییە بیسەلمێنێت میشێل ڕووبەڕووبوو ئێپستاینی بینیوە. لێکۆڵینەوەکە لە زاری دوو یاریدەدەری پێشووی ئێپستاینەوە دەگوازێتەوە کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک کچێکی وایان لەبیر نییە. پۆلیسی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە کە میشێل لەو ماوەیەی کە نامەوگۆڕینەوەکان تێیدا کراوە، گەشتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەکردووە. بەڵام ئەو پرسیارەی ئێستا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: چۆن ناوی کچە گەنجێکی ئەڵمانی کە دواتر بەبێ سەرەداو ون دەبێت، دەگاتە ناو نامەوگۆڕینەوەی پیاوێک کە لە چەقی تۆڕە ڕەشەکەی ئێپستایندا بووە؟

لە خەونی مۆدێلینگەوە بۆ جیهانێکی نادیار

میشێل کاتێک ون بوو تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. بە وتەی خێزانەکەی، ئەو لە منداڵییەوە خەونی بەوەوە دەبینی ببێتە کچە مۆدێل؛ حەزی لە سەما، وێنەگرتن و سەفەر بوو، هەمیشە بەدوای ژیانێکی گەورەتردا دەگەڕا لەو شارۆچکە بچووکەی تێیدا گەورە ببوو. بۆ "ئانیت"ی دایکی، ئەم خەونەی کچەکەی جێی نیگەرانی بوو، چونکە هەمیشە هیوای دەخواست کچەکەی کارێکی جێگیرتر و ڕێگەیەکی کەم سەرکێشی تر هەڵبژێرێت.
بەڵام میشێل بڕیاری خۆی دابوو؛ گەشتی زۆری دەکرد، چوو بۆ دوبەی و باسی لە دەرفەتی گەورە لە بواری وێنەگرتن و مۆدێلینگدا دەکرد. لەوێ، وەک خێزانەکەی لە لێکۆڵینەوەکەی ZDF و دێر شپیگلدا دەڵێن، چاوی بە "دانیال سیاد" کەوتبوو، کە خۆی وەک دۆزەرەوەی بەهرەکان و ڕاوچی کچانی مۆدێل بەو ناساندبوو.

لەو کاتەوە، ناوی سیاد لە ژیانی میشێلدا چەندبارە دەبووەوە. ئەو باسی لە گەشتی گرانبەها، هۆتێلی لوکس و پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دەوڵەمەندەکاندا دەکرد، بەڵام هەمیشە لە درکاندنی وردەکارییەکان خۆی لادەدا. دایکی ئەو قۆناغە بە "ژیانێکی بریقەدار لە دەرەوە، بەڵام تاریک لە پشت پەردەوە" وەسف دەکات.
لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ دوبەی، دایکی میشێل چاوی بە سیاد دەکەوێت لەسەر یەختێکی لوکس. سیاد کەسێکی ڕێزدار و پیشەیی هاتە پێشچاو، بەڵام دایکی نەیدەتوانی لە پرسیارە جدییەکان چاوپۆشی بکات: ئەم ژیانە کتوپڕە لەکوێوە هات؟ کێ پارەی ئەم گەشت و هۆتێلە گرانبەهایانە دەدات؟ ئایا کچەکەی بەڕاستی وەک مۆدێل کار دەکات، یان بابەتەکە بەرەو ناوچەیەکی مەترسیدارتر ڕۆیشتووە؟

ناوە چەندبارەبووەکە لە مەلەفەکانی ئێپستایندا

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی ZDF، ناوی دانیال سیاد ١٨٤٠ جار لە مەلەفەکانی وەزارەتی دادوەرانی ئەمریکادا هاتووە کە پەیوەستن بە دۆسیەی ئێپستاینەوە؛ لە نێوان نامە، پرۆتۆکۆلی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و ئیمەیڵەکاندا. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سیاد ژن و کچانی وڵاتە جیاوازەکانی پێشکەشی ئێپستاین کردووە، لە نامەگەلێکدا کە تێیدا تێکەڵاوبوونێکی ترسناک لە نێوان جیهانی مۆدێلینگ و خزمەتگوزارییەکانی یاوەریی هاوەڵاندا (Escort Services) دەردەکەوێت.
سیاد سەرجەم تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو ئاگاداری ئەو پێشێلکارییە سێکسیانە نەبووە کە ئێپستاین ئەنجامی داون، تا ئێستاش بنەمای "تۆمەتبار بێتاوانە تا تاوانەکەی دەسەلمێنرێت" بۆ ئەو بەرقەرارە. بەڵام لێکۆڵینەوە ئەڵمانییەکە ئاشکرای دەکات کە پێنج ژن لە فەرەنسا سکاڵای فەرمییان لە دژی ئەو تۆمارکردووە، کە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکس و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەخۆدەگرێت، و دەسەڵاتدارانی فەرەنساش لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە.
بۆ خێزانی میشێل، بابەتەکە تەنها ناوێک نییە لەسەر کاغەز. "ڤلادۆ"ی باوکی دەڵێت، جارێکیان گوێی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بووە کە سیاد بە تۆنێکی توند و هەڕەشەئامێز لەگەڵ کچەکەیدا قسەی کردووە و میشێل زۆر ترساو دیار بووە. 

هاوڕێیەکی پێشووشیان بە ZDF و دێر شپیگلی ڕاگەیاندووە کە فشارێکی زۆر و بەردەوام لەسەر میشێل هەبووە سەبارەت بە سەفەرکردن، وێنەگرتن و بابەتە داراییەکان.
ئەم شایەتحالییانە بە تەنها چارەنووسی میشێل ئاشکرا ناکەن، بەڵام وێنەی کچە گەنجێک دەکێشن کە لە جیهانێکی تەمومژاویدا جوڵاوەتەوە؛ جیهانێک کە بە بەڵێنی مۆدێلینگ و ناوبانگ دەستپێدەکات، و وەک بەڵگەنامەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ڕەنگە لە لای پیاوانی خاوەن دەسەڵات و تۆڕە داخراوەکاندا کۆتایی بێت کە چوونە دەرەوە لێیان ئەستەمە.

هەفتەکانی کۆتایی پێش ونبوون

پێش ونبوونی، ژیانی میشێل جێگیر نەبوو. خێزانەکەی دەڵێن ئەو بەدەست کێشەی خواردنەوەی کحول و ماددەی هۆشبەرەوە دەیناڵاند و چەندین جار سەردانی سەنتەرەکانی چارەسەری کردبوو. هاوڕێیەکی پێشووی پێیوایە ئەم خاڵە لاوازە ڕەنگە وایکردبێت کە ئەو زیاتر بکەوێتە ژێر کاریگەریی فشار و قۆستنەوەوە.
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٥دا، وا دیار بوو میشێل هەوڵدەدات ڕێڕەوی ژیانی بگۆڕێت. باوکی دەگێڕێتەوە کە کچەکەی لەگەڵیدا باسی لە وەرگرتنی چارەسەر، گەڕان بەدوای شوقەیەک و دۆزینەوەی کارێکی ئاسایی کردووە. بۆ ماوەیەکی کورت، هیوایەک بۆ سەرەتایەکی نوێ هەبوو؛ بەدوور لە سەفەری بەردەوام، پەیوەندییە تەمومژاوییەکان و ئەو تەلەفۆنانەی کە دەبنە هۆی ترساندنی.
لە ئەیلوولی ٢٠١٥دا، جانتاکەی هەڵگرت و لە ماڵی دایکی چووە دەرەوە. دوای ئەوە چیدی پەیوەندی نەکردەوە، ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخران، و هیچ نامەیەکی پشتڕاستکراوە نەگەیشتە دەست خێزان و هاوڕێکانی. دوای مانگێک، خێزانەکەی پۆلیسیان لە ونبوونی ئاگادارکردەوە.
بەڵام پۆلیس لەو کاتەدا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی دەستپێنەکرد. هۆکارەکەش وەک ZDF و دێر شپیگل ئاماژەی پێدەکەن، ئەوە بوو کە میشێل تەمەنی یاسایی تەواو ببوو و هیچ نیشانەیەکی ڕوونیش لەسەر بوونی تاوان لەئارادا نەبوو. تەنها پشکنین بۆ ئەگەری تۆمارکردنی ناوی لە ناوچەکانی دەوروبەر یان وڵاتێکی هاوسێ کرا، بەڵام بێ ئەنجام بوو. لەو کاتەوە دۆسیەکە تەنها وەک "مەلەفێکی کراوەی غیاب" مایەوە نەک لێکۆڵینەوەیەکی جدی.

گەشتێکی بێ کۆتایی

تیمی بنکۆڵکاریی ئەڵمانیا هەوڵیاندا دوایین جوڵەکانی میشێل سەرلەنوێ بنیات بنێنەوە. ئەوان پشکنینیان بۆ پەیوەندییە کۆنەکان کرد، لە نێو دزەپێکردنەکان و داتای دیجیتاڵیدا گەڕان، و تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو (Face Recognition) و شیکاریی تاوانناسییان بۆ مۆبایلە کۆنەکان بەکارهێنا. بەڵام ئەنجامەکە سنووردار بوو: هیچ شوێنەوارێکی پشتڕاستکراوە لە میشێل دوای ونبوونی نەدۆزرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی دێر شپیگل، میشێل چەند هەفتەیەک پێش ونبوونی لە باشووری فەرەنسا بووە. لەوێ وێنەی لە نزیک "نیس" یان "سان ترۆپێ" هەیە، لەوانەش وێنەیەک لەگەڵ پیاوێکدا کە تاتۆیەکی گرووپی (Hells Angels)ی لێدراوە. ڕۆژنامەنووسان نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن بۆ گەیشتن بەو پیاوە، و تائێستاش هیچ پەیوەندییەکی سەلمێنراو لە نێوان ئەو و دانیال سیاد یان تۆڕەکەی ئێپستایندا نییە. بەڵام ئەم وردەکارییانە ئاستێکی دیکە لە تەمومژ دەخەنە سەر قۆناغی کۆتایی ژیانی میشێل.
کێ یاوەری دەکرد؟ کێ گەشتەکانی ڕێکدەخست؟ کێ ئەو دەسەڵاتەی هەبوو فشاری بخاتە سەر؟ ئەم لێکۆڵینەوەیە وەڵامێکی کۆتایی پێ نییە، بەڵام سەرلەنوێ ئەو پرسیارانە دەورووژێنێتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ساڵانێک لەمەوبەر بە جدی وەریاننەگرتبوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو