عێراق لەبەردەم بۆمبی تەوقیتکراوی نهێنیدا؛ شەڕی کراوەی بەغدا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٦ پاش نیوەڕۆ

عێراق لەبەردەم بۆمبی تەوقیتکراوی نهێنیدا؛ شەڕی کراوەی بەغدا دژی مافیاکانی ماددەی هۆشبەر

پەنجەرە

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە شەقامەکانی بەغدای پایتەخت، پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکاندا، خەریکی گرتنەبەری رێوشوێنی مەیدانین کە دەسەڵاتداران بە "شەڕێکی کراوە" دژی تۆڕەکانی قاچاخچیەتیی ماددە هۆشبەرەکان وەسفی دەکەن. ئەمەش لە ڕێگەی هەڵمەتی هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردنی بازرگانان و ئەو تۆڕە نێودەوڵەتییانەی کە سنوورەکان دەبەزێنن.

لە کاتێکدا دەسەڵاتداران دەستبەسەرداگرتنی چەندین تۆن ماددەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی هەزاران تۆمەتبار لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا ڕادەگەیەنن، پسپۆڕان، پیاوانی ئاینی و چالاکوانان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم شەڕە چیتر تەنیا ڕەهەندێکی ئەمنی نییە، بەڵکو بووەتە شەڕێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کە ڕاستەوخۆ دەستکاری پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقی و وزەی گەنجان دەکات.

فراوانکردنی دەسەڵاتەکان

عەقید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند کە گۆڕانکارییە دامەزراوەییەکان لە دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکاندا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم دیاردەیەدا.

بەهادلی وتی: پێشتر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا چەند بەشێکی بچووک بوو لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و هەواڵگریی، توانای پێویستی نەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەبارەی ئەو مەترسییە گەورەیەی کە ماددە هۆشبەرەکان بۆ سەر کۆمەڵگە دروستیان دەکرد."

ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق وەڵامی ئەم تەحەدایەی دایەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیی ڕاستەوخۆ بەستراوە بە وەزارەتی ناوخۆوە دامەزراند، دەسەڵاتەکانی فراوانتر کرد و لە پارێزگاکانیشدا جێگیری کردن. ئەم گۆڕانکارییەش هۆکار بوو بۆ پەرەپێدانی کارە ئەمنی و هەواڵگرییەکان دژی تۆڕەکانی بازرگانیکردن.

لە بەرگرییەوە بۆ هێرش

بەپێی وتەی بەهادلی، ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوە لە عێراقدا چیتر لە دۆخی بەرگریدا نەماوە، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتییەکە لە قۆناغی کۆنترۆڵکردنەوە پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغی ڕووبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆ و ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە. هێزەکانی عێراق لەم ساڵانەی دواییدا توانیویانە هەزاران تۆڕی قاچاخچیەتی هەڵبوەشێننەوە و مەترسیدارترین و گەورەترین بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاشکرایشی کرد کە دەزگا ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣وە نزیکەی ٦٥ ئۆپەراسیۆنیان لە دەرەوەی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ئەنجامداوە، بە مەبەستی لێدانی تۆڕەکانی قاچاخچیەتی پێش ئەوەی ماددە هۆشبەرەکان بگەنە ناوەوەی وڵات.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی ستراتیژێکدان بۆ "ڕێگریکردن لە هاتنی ژەهر لە سەرچاوەکەیەوە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێگاکانی قاچاخچیەتی پەرەیان سەندووە؛ بۆ نموونە بەکارهێنانی باڵۆنی هەوایی بۆ بەزاندنی سنوورەکان، وەک ئەوەی لەم دواییانەدا لە ڕۆژئاوای ئەنبار ڕوویدا کاتێک ڕێگری لە قاچاخکردنی بارێکی گەورە کرا کە زیاتر لە ١٩٨ هەزار حەبی هۆشبەری تێدابوو.

شەڕێکی فرەڕەهەند و بەرزبوونەوەی نرخەکان

لەکاتێکدا لایەنی ئەمنی بەردەوامە، حکومەت ناوەندەکانی چاکسازی بۆ ئاڵوودەبووان فراوانتر کردووە. بەهادلی ئاماژەی بەوە دا کە عێراق ١٦ ناوەندی بۆ چاکسازیی دەروونی، پزیشکی و کۆمەڵایەتی دامەزراندووە (کە ٣ دانەیان لە بەغدان)، و لە ساڵی ٢٠٢٣وە زیاتر لە ٧,٢٧٠ کەسی چاکبووەوە گەڕاونەتەوە ناو کۆمەڵگە. 

زیندانیکردنی ئاڵوودەبووان بە جیا لە بازرگانەکان، هەنگاوێکی گرنگ بوو، چونکە پێشتر ئاڵوودەبووان لەگەڵ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە یەک گرتووخانەدا دادەنران.
ئەو گۆڕانکارییە ئەمنییانە کاریگەرییان لەسەر بازاڕی ڕەشیش داناوە؛ بۆ نموونە نرخی یەک گرام لە ماددەی "کریستاڵ" لە ١٠ هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی کەمبوونەوەی بڕی ماددەکەیە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەهۆی توندکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانەوە.
عەقید بەهادلی هۆشداری دەدات کە گەنجانی تەمەن ١٦ بۆ ٤٠ ساڵ، سەرەکیترین ئامانجی تۆڕەکانی ماددەی هۆشبەرن، ئەمەش وەک "کردنە ئامانجی ڕاستەوخۆی وزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگە و هەوڵێک بۆ خاڵیکردنەوەی وڵات لە سەرمایەی مرۆیی" وەسف دەکات.

کاتی بەتاڵ

لەلایەکی دیکەوە، شێخ نوور ساعدی، پیاوی ئاینی، پێیوایە ڕووبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا ئەمنی نییە، بەڵکو فیکری و ڕۆحییشە. ئەو دەڵێت: "برەودەرانی ئەم ژەهرە سوود لە کاتی بەتاڵی گەنجان وەردەگرن بۆ ئەوەی پەلکێشی ئاڵوودەبوونیان بکەن. پێویستە گوتاری ئاینی سەرنج بخاتە سەر بنیاتنانی کەسایەتی و بەهێزکردنی چاودێریی ناوخۆیی (ویژدان) لە لای گەنجان."
 ساعدی دەشڵێت: "ئەقڵ بنەمای بەرپرسیارێتی مرۆڤە، تێکدانی بە ماددەی هۆشبەر ڕووخاندنی ئەو مرۆڤەیە کە خودا ڕێزی لێگرتووە"، داواش دەکات کە وزەی گەنجان بەرەو وەرزش، کاری خۆبەخشی و فێربوونی پیشە ئاڕاستە بکرێت.

هاوکات، ڕوقەیە سەلمان، چالاکوان، پێیوایە کە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێویستی بە ستراتیژێکی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە هەیە و دەڵێت: "گەنجانی عێراق هۆشیارن، بەڵام زۆریان مەترسییە تەندروستی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم بابەتە نازانن."
ئەم چالاکوانە داوا دەکات کەمپینەکانی هۆشیارکردنەوە لە قوتابخانە، زانکۆ و شوێنە ئاینییەکاندا چڕبکرێنەوە، شانبەشانی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پێشکەشکردنی توێژینەوە و بەرنامەی پەروەردەیی بەردەوامدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو