بڕیارە لەم ڕۆژانەدا ڕابگەیەنرێت؛ ڕێککەوتنەکەی واشنتۆن و تاران لەسەر چییە؟
١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەمەریکا و ئێران لە لێواری واژووکردنی ڕێککەوتنێکی سەرەتاییدان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان، کە تێیدا "گەرووی هورمز" و "سزاکان" تەوەری سەرەکین.
زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە شەوی چوارشەممە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر، ئیمارات و پاکستان، سەرکەوتوو بوون لە ڕێگریکردن لە هێرشێکی سەربازیی توندی ئەمەریکا بۆ سەر تاران. بەڵکو لەبری ئەوە، رەشنووسی ڕێککەوتنێک ئامادە کراوە کە چاوەڕێ دەکرێت لەم ڕۆژانە واژوو بکرێت.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە نوێیەکە
ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە، کە وەک "ڕێککەوتنی چوارچێوەیی" وەسفدەکرێت، ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی: کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بەبێ باج، لە بەرانبەر کەمکردنەوەی پلەبەندیی سزاکانی واشنتۆن.
ئاگربەست:
درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ، کە بەرەی لوبنانیش دەگرێتەوە، بۆ ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم دانوستانی قووڵتر.
دۆسیەی ئەتۆمی:
ئێران پابەند دەبێت بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا کەمبکاتەوە، بەڵام بڕیارە وردەکارییە جێبەجێکارییەکان بۆ ڕێککەوتنێکی تر دوابخرێن.
ئاسانکاریی ئابووری:
پێدانی مۆڵەتی کاتیی ٦٠ ڕۆژە بە ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت و دەستگەیشتن بە بەشێک لە داراییە سڕکراوەکانی لە قەتەر، تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی.
پاشەکشەی سەربازیی:
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچانەی دەوروبەری ئێران کە دەبنە هۆی ئاڵۆزیی.
کاردانەوەکان؛ گەشبینیی ترەمپ و تێبینییەکانی تاران
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، گەشبینییەکی زۆری نیشانداوە و ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا واژۆ دەکرێت.
بەڵام تاران بە وریاییەوە باس لەم ڕێککەوتنە دەکات. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەڵێت: "هێشتا نەگەیشتووینەتە داڕشتنی کۆتایی و بابەتەکە لەژێر هەڵسەنگاندندایە."
هاوکات، حەسەن ئەحمەدیان، مامۆستای زانکۆی تاران، پێیوایە ئەمە ڕێککەوتنێکی کۆتایی نییە، بەڵکو تەنها "چوارچێوەیەکە بۆ سنووردارکردنی ناڕۆشنییەکان".
ئەو دەڵێت: "ئەمەریکییەکان، ئیسرائیلییەکان و ئێرانییەکانیش دەزانن کە ئەمە تەنها وێستگەیەکە بۆ پشوودان، نەک چارەسەری یەکجاری، بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا هیچ لایەنێک دژی ئەم هەنگاوە نییە."