میلیشیا شیعەکان لە نێوان چاوەڕوانی و یاخیبووندا؛ هاوکێشەی ئەمریکا و ئێران دۆخەکە یەکلایی دەکاتەوە
١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زانیاریی نوێ لەسەر گۆڕانی هەڵوێست و جووڵەی گرووپە چەکدارەکان ئاشکرا دەکات و ڕادەگەیەنێت کە ئەگەری نزیکبوونەوەی تاران و واشنتۆن، وایکردووە ئەم گرووپانە چەکدانان رەتبکەنەوە.
سەرچاوەکە تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی تۆنی دەنگی میلیشیا شیعەکانی گۆڕیوە؛ بە جۆرێک لە ئێستادا ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ئەگەر هەیە ئەم گرووپانە بە تەواوی یاخی بن لە هەر بڕیارێک کە تایبەت بێت بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان."
سەبارەت بە کاردانەوەی ئێستای ئەو هێزانە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گرووپە چەکدارەکان لە دۆخی چاوەڕوانی و چاودێریکردنی وردی پێشهاتەکاندان و وتی: "گەر ئەمریکا و ئێران بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، میلیشیاکان بە چەکەکانیانەوە دەستبەرداری پێگەی خۆیان نابن و ئامادە نین چەک ڕادەست بکەن."
هاوکات ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوەش کردەوە کە هاوکێشە و جۆری پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، کۆنترۆڵی ڕەفتار و هەڵوێستی داهاتووی ئەم گرووپانە دەکات و وتیشی: "بەپێی پێشبینییەکان، گەر ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، میلیشیاکان نەک تەنها پاشەکشە ناکەن، بەڵکو لە جاران توندتر و سەرکێشتر دەبن لەسەر گۆڕەپانەکە."