مۆندیالی ٢٠٢٦؛ کوراساو لەدوورگەیەکی بچووکەوە بۆ تەحەداکردنی ئەڵمانیا

١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:١٧ پاش نیوەڕۆ

مۆندیالی ٢٠٢٦؛ کوراساو لەدوورگەیەکی بچووکەوە بۆ تەحەداکردنی ئەڵمانیا

پەنجەرە

هەڵبژاردەی کوراساو خۆی ئامادە دەکات بۆ نووسینەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تۆپی پێدا، کاتێک لە یەکەم یاریدا لە مێژووی بەشدارییکردنی لە مۆندیال، ڕووبەڕووی ئەڵمانیای پاڵەوانی چوار خولی جیهان دەبێتەوە.

ئەم وڵاتە کارائیبییە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسە، دەبێتە بچووکترین دەوڵەت لە مێژوودا کە بەشداریی لە جامی جیهانیدا بکات. دیک ئەدڤۆکاتی هۆڵەندی و ڕاهێنەری بەئەزموونی کوراساو، هەوڵ دەدات یاریزانەکانی بە ئارامی بهێڵێتەوە؛ ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە تیپەکەی لە بەردەم یەکێک لە سەرەکیترین بەربژێرەکانی نازناوەکەدا، هیچ شتێکی نییە لەدەستی بدات.

یاریزانانی کوراساو ئاماژەیان بەوە کردووە کە شێوازی یاریی ئەڵمانیایان بە باشی خوێندووەتەوە و ئامانجیان پێشکەشکردنی ئاستێکە کە شایستەیی ئەوان بۆ گەیشتن بەم مۆندیالە بسەلمێنێت. هاوکات ئەدڤۆکات ڕایگەیاند کە کوراساو ئەرکی ئەڵمانیا قورس دەکات و لەم یارییەدا دەبنە "تیپێکی بێزارکەر" بۆ ڕکابەرەکەیان.

تیپەکە پشت بە رۆحیەتی بەکۆمەڵ لە نێوان یاریزانەکان و پشتگیریی گەورەی هاندەرانی دانیشتووی دوورگەکە دەبەستێت بۆ تۆمارکردنی موفاجەئەیەک لە یەکەم دەرکەوتنی جیهانییدا. یاریزانەکان پێیان وایە بەشداریکردنیان تەنیا بۆ ئامادەبوون نییە، بەڵکو بۆ سەلماندنی خۆیان و بەجێهێشتنی شوێنپەنجەیە لە پاڵەوانێتییەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە، جولیان ناگلسمانی ڕاهێنەری ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی بەئەزموون، دوای چاکبوونەوەی لە پێکان، لە یەکەم یاریی مانشافت لە مۆندیالی ٢٠٢٦ لە دژی کوراساو بە شێوەی سەرەکی یاریی دەکات، کە ئەمەش دەبێتە ١٢٥ـەمین یاریی نێودەوڵەتیی ئەو گۆڵپارێزە.

ڕاهێنەری ئەڵمانیا ڕوونیکردەوە کە تەواوی یاریزانەکانی تیپەکە ئامادەی یارییەکەن؛ تێیدا ناتانیال بڕاون بۆ یەکەمجار لە مۆندیالدا بە سەرەکی بەشدار دەبێت، و جەمال مۆسیالاش سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە بەتەواوی ئامادە نییە، بەڵام یارییەکە بە سەرەکی دەستپێدەکات.

ناگلسمان جەختی لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە کردەوە و هۆشداریی دا لە کەم سەیرکردنی تواناکانی کوراساو کە بۆ یەکەمجارە بەشداریی مۆندیال دەکات. ئەو دووپاتی کردەوە کە تەواوی سەرنجیان لەسەر پاڵەوانێتییەکەیە، بەتایبەت کە ئەڵمانیا دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک ڕێگریی بکات لە دووبارەبوونەوەی دەستپێکە نامۆکانی لە دوو جامی جیهانیی ڕابردوودا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو