فشاری تاران لەسەر فیفا؛ ترسی دووبارەبوونەوەی "سیناریۆی قەتەر" لە ئەمریکا

١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ

فشاری تاران لەسەر فیفا؛ ترسی دووبارەبوونەوەی "سیناریۆی قەتەر" لە ئەمریکا

پەنجەرە

مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، بەپێویستی دەزانێت فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) گەرەنتی ئەوە بکات کە تەنها ئاڵای فەرمی ئێران لە یاریگاکانی مۆندیالدا بەرزبکرێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رەنگە ئێرانییەکانی تاراوگە بیانەوێت لە کاتی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاڵاکانی ئۆپۆزسیۆن بەرز بکەنەوە.

چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە، هەڵبژاردەی ئێران بگاتە لۆس ئەنجلۆس، رۆژی دووشەممە لە دەستپێکی یارییەکانی لە جامی جیهانیدا، ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی نیوزیلەندا ببێتەوە.

مەهدی تاج لە پەراوێزی یەکەیەکی مەشقیی هەڵبژاردەی ئێران لە  مەکسیک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس سەبارەت بە پرسی ئاڵا وتی: "فیفا بەپێی پرۆتۆکۆڵەکان بەرپرسیارە". راشیگەیاند: "یەکێک لەو پرۆتۆکۆڵانە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تەنها ئاڵای فەرمی هەر وڵاتێک لەناو یاریگادا هەڵبکرێت".

چاوەڕوان دەکرێت یەکەم یاری هەڵبژاردەی ئێران لە رۆژی دووشەممەدا، گرژی و ململانێی بەخۆوە ببینێت، چونکە لۆس ئەنجلۆس کە هەندێک جار بە "تارانجڵس" ناودەبرێت، گەورەترین رەوەندی ئێرانی لە جیهاندا لەخۆدەگرێت و بەشێکی زۆریشیان لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامین.

بڕیارە چەند رێکخراوێک رۆژی دووشەممە خۆپیشاندان لە دەوروبەری یاریگاکە ساز بکەن و ئاڵا کۆنەکەی ئێران بەرز بکەنەوە کە پێش شۆڕشی ئیسلامی پەسەندکرابوو؛ کە ئاڵایەکی سەوز و سپی و سوورە و وێنەی شێر و خۆرێک لە ناوەڕاستیدایە.

پێدەچێت هەندێک لە خۆپیشاندەران هەوڵی چوونە ناو یاریگاکە بدەن و لە کاتی لێدانی سروودی نیشتمانیی ئێراندا هوتاف بکێشن، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە قەتەر روویدا. تاران لەم هەفتەیەدا هۆشداری دابوو لەوەی کە سیناریۆیەکی لەو شێوەیە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نابێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو