خۆپیشاندانەکانی ئێران دژ بە ڕێککەوتن؛ داواکاریی خەڵکە یان ململانێی باڵەکان؟
١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چەند شەوێکە گۆڕەپانەکانی تارانی پایتەختی ئێران، بوون بە سەکۆی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان دژ بە ڕێککەوتنی ئێران و ئەمەریکا.
لە وڵاتێکدا کە بەتوندی دژی هەر جووڵەیەکی شەقام دەوەستێتەوە، ئەنجامدانی ئەو خۆپیشاندانانە پرسیاری زۆریان درووستکردووە، بەتایبەتی کە باس لەوە دەکرێت دەرهاویشتەی ناکۆکی نێوان باڵ و باڵادەستانی ئەو وڵاتەیە، لەپاش ئەو دۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە.
ترسی شەقام
شیکەرەوەی سیاسی، مەهدی خورسەند، پێیوایە هۆکاری سەرەکی ئەم خۆپیشاندانانە بۆ شکستی دەزگا فەرمییەکانی ئێران دەگەڕێتەوە لە ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی.
بەهۆی نەبوونی گێڕانەوەیەکی فەرمی، هاوڵاتیان زانیارییەکانیان لە میدیا بیانییەکانەوە وەردەگرن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترسێکی گەورە لەوەی تاران دەستبەرداری دۆسیە ستراتیژییەکانی وەک:
گەرووی هورمز و توانا ئەتۆمیی و مووشەکییەکانی ببێت.
خورسەند، بە ماڵپەڕی ئەلجەزیرەی وتووە: "ئەم خۆپیشاندەرانە ناوکە ڕەقەکەی لایەنگرانی ڕژێمن و وا هەست دەکەن خوێنی شەهیدەکانیان لەسەر مێزی دانوستان بەفیڕۆ دەچێت."
ململانێی باڵە سیاسییەکان
لەلایەکی دیکەوە، مەهدی عەرەب سادق، ئەکادیمی و شیکەرەوە، خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ دیمەنەکە دەکات. ئەو پێیوایە ئەم جوڵانەوەیە "خۆڕسک" نییە، بەڵکو بەشێکە لە ململانێی توندی نێوان باڵە سیاسییەکانی ناو دەسەڵات.
سادق ئاماژە بەوە دەکات کە تەیارێکی دیاریکراو دەیەوێت بە لێدانی کەسایەتییە "عەقڵانییەکانی وەک عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە"، ڕێگری لە هەر جۆرە دیپلۆماسییەک بکات.
بە بڕوای ئەو، ئەم تەیارە لە "ئێرانۆفۆبیا" دەژین و ئامانجیان "پەکخستنی عەقڵانییەتە لە سیاسەتی دەرەوەدا."
داهاتوویەکی نادیار
شرۆڤەکاران وایدەبینن ئەم خۆپیشاندانانە ئەگەر بڕیار بێت تەعبیر لە شتێک بکات، ئەوا بێگومان تەعبیرە لە داهاتوویەکی نوێی نادیار، چونکە لەگەڵ کوژرانی ڕێبەری باڵا، ململانێی باڵەکان کە پێشتر بەو توندییە بونییان نەبوو، ئێستا بە زەقی دەبینرێن.
ئەم دۆخەش پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە، ئایا ئەم ململانێیە سەردەکێشێت بۆ ڕووداو و لێکەوتەی نوێ و جیاواز، یان هێڵی ڕابەر، دووبارە دەست بەسەر تەواوی دەسەڵات و بڕیاری سیاسییدا دەگرێتەوە؟