ڕاپۆرتە شۆککەرەکەی ئەنقەرە؛ بەریتانیا چۆن پێشبینی داهاتووی هەرێمی کوردستانی دەکرد؟
١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ماڵپەڕی ئیندیپێندت بەڵگەنامەیەکی بەریتانیای تایبەت بەهەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، کە بەڵگەنامەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی.
گرنگیی ئەم بەڵگەنامانە لەوەدایە کە نیشانی دەدەن چۆن دیپلۆماسیی بەریتانی سەیری واقیعی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە لە نێوان پاراستنی نێودەوڵەتی و ململانێ خوێناوییە ناوخۆییەکانی هێزە کوردییەکاندا گیری خواردبوو، ئەمەش لەکاتی شەڕی ناوخۆدا.
شەڕی ناوخۆ و ململانێی دەسەڵات
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (بە ڕابەرایەتی مەسعود بارزانی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بە ڕابەرایەتی جەلال تاڵەبانی) و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی ئەزموونی کوردی:
*کۆتایی شەڕی ئیسلامییەکان و یەکێتی: ئەو شەڕەی لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٣ لە نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکێتی نیشتمانی دەستی پێکردبوو، لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی ١٩٩٤ کۆتایی هات.
* سەرهەڵدانی شەڕی پارتی و یەکێتی: لە ئایاری ١٩٩٤دا، کێشەی زەویوزار لە نێوان پارتی و یەکێتیدا بە خێرایی گۆڕا بۆ ململانێیەکی سەرتاسەری لەسەر دەسەڵات.
*هەوڵەکانی ئاشتی و ڕۆڵی تورکیا: لەمانگی تەممووزدا بە نێوەندگیری تورکیا ئاگربەست کرا. دواتر لە پاریس لەسەر پلانێکی ئاشتی ڕێککەوتن کە دەبوو "سەرۆکێکی کاتی" دابنرێت تا سەرژمێری و هەڵبژاردن دەکرێت؛ بەڵام ئەم پلانە کێشەی بۆ تورکیا دروست کرد و سڕکرا.
* خوێناویترین قۆناغ: لە ئابدا شەڕی نوێ دەستی پێکردەوە و تەنها دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٥ی ئاب وەستا، پاش ئەوەی زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس بوونە قوربانی.
* ڕێککەوتنی سەڵاحەدین و پرسی گومرگ: لە ٢٣ی تشرینی دووەمدا ڕێککەوتنێک بە بەشداریپێکردنی حیزبە بچووکەکان واژۆ کرا، بەڵام جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکە و ڕەتکردنەوەی ڕادەستکردنی داهاتی گومرگەکان لەلایەن پارتییەوە، بووە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کۆتایی ساڵدا.
دۆخی ئابووریی و لێواری مایەپووچبوون
بەپێی بەڵگەنامەکان، هەرچەندە ڕێژەی هەڵاوسان لە باکووری عێراق بەراورد بە بەغدا کەمتر بوو، بەڵام دۆخی دارایی هەرێمەکە زۆر خراپ بوو:
پشت بەستن بە هاوکاری دەرەکی: هەرێمەکە تا کۆتایی ساڵ بە تەواوی پشتی بە هاوکارییەکان بەستبوو، تا ئەو کاتەی تورکیا ئاسانکاری گومرگی لە دەروازەی فیشخاپور کرد.
ماران گەستوو: گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق لە لایەک، و گەمارۆی بەغدا لەسەر هەرێم لە لایەکی تر، لەگەڵ شەڕی ناوخۆ و نەگەڕانەوەی داهاتی گومرگەکان، ئیدارەی کوردییان گەیاندە لێواری مایەپووچبوون و ڕێگر بوون لە هەر بووژانەوەیەکی پیشەسازی.
ڕووداوە ئەمنییەکان و ئۆپەراسیۆنی "دابینکردنی ئارامی" (Provide Comfort)
خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان: لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٤، دوو فڕۆکەی ئەمریکی (F-15) بە هەڵە دوو هێلیکۆپتەری (Black Hawk)ی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانانیان خستە خوارەوە، بەهۆیەوە ٢٦ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو ئەفسەری بەریتانییان تێدابوو. ئەمەش بووە هۆی سنووردارکردنی جووڵەی هێزەکان.
پێشێلکارییەکانی تورکیا و بەغدا: بۆردوومانە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر سنوورەکان کۆسپ بوون لەبەردەم فڕینی هێزەکانی هاوپەیمانان. بەغداش بەردەوام بوو لە تۆپبارانکردنی گوندەکانی سەر هێڵی تەماس و ئەنجامدانی هێرش. بەڵام دوای دەستگیرکردنی ئەو سیخوڕە عێراقییانەی لە نیساندا ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانییان کوشت، دۆخی ئەمنی ناوخۆ لە نیوەی دووەمی ساڵدا باشتر بوو.
پێوەندییە هەرێمایەتییەکان: پێوەندییەکانی پارتی و ئەنقەرە باش بوون؛ سەرەڕای توڕەیی کورد لە بۆردوومانەکان، پارتی هاوکاری تورکیای دەکرد دژی پەکەکە (PKK). کوردەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە سەربەخۆیی بژاردەیەکی واقیعی نییە، ئەمەش دڵنیایی دایە تورکیا کە زۆر لە "ڕێککەوتنی پاریس" ترسابوو. بەڵام تورکیا هێشتا گومانی لە پێوەندییەکانی تاڵەبانی و پەکەکە هەبوو و دەیویست کورد لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت.
پێوەندی لەگەڵ ئێران: لە کۆتایی ساڵدا پێوەندییەکان باشتر بوون دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی ڕێککەوتن دژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بجوڵێنەوە. بەڵام بەڵگەنامەکان دەڵێن ئێران بە نهێنی پارەی دەدا بە گرووپە ئیسلامییەکان بۆ دروستکردنی پشێوی لە نێوان هەردوو حیزبە سەرەکییەکەدا.
ڕۆڵی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق (INC): کۆنگرەی نیشتمانی لە سەڵاحەدین ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە کەمکردنەوەی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش وایکرد پێوەندیی لەگەڵ سەرکردایەتی کورد باش بێت و لای خەڵکیش پەسند بێت، و هاوکاری نێوان عەرەب و کوردەکان بەهێزتر بکات.
هاوکارییەکانی بەریتانیا و دۆخی مرۆیی
پێوەندی و هاوکاری بەردەوام: پێوەندی بەریتانیا و کورد نزیک بوو. هاوکارییە مرۆییەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٩١ەوە گەیشتە ٧٥ ملیۆن پاوەند (کە ٨ ملیۆنی لە ١٩٩٤دا بوو). فڕۆکە "هارێەر"ەکانی بەریتانیا بەردەوام لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبینران.
سەرکەوتنی بەرنامەی مرۆیی: سەرەڕای شەڕی ناوخۆ، گوندەکان ئاوەدان کرانەوە. بەهۆی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە هەرێم تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی خۆراکەوە خۆبژێو بوو. تەنها کێشە کارەبای دهۆک و عەقرە بوو کە بەغدا بڕیبووی، بەڵام ئیدارەی کوردی سەرقاڵی چارەسەرکردنی بوو لە ڕێگەی وێستگەیەکی هایدرۆئەلەکتریکی ناوخۆییەوە.
دیدی ستراتیژی و ئاڵەنگارییەکانی داهاتوو (١٩٩٥)
ڕاپۆرتەکەی باڵیۆزی بەریتانیا چەند سەرنجێکی ستراتیژی گرنگ دەخاتە ڕوو:
١. توانای مانەوە: لەسەر مۆدێلی کورتخایەن، باکووری عێراق دەتوانێت لەم دۆخە سەختەدا بژیت، بەڵام لەسەر مادی مامناوەند، وەک قەوارەیەکی سەربەخۆی بەردەوام نابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای سێ ساڵ لە خۆبەڕێوەبەری، گەڕانەوەی بۆ ناو عێراقێکی یەکگرتوو ئاسان نابێت.
٢. کشانەوەی شەرەفمەندانە: لە ساڵی ١٩٩٥دا، پێویستە بەریتانیا بڕیاری قورس بدات لەسەر چۆنیەتی داڕشتنی ستراتیژییەک بۆ کشانەوەیەکی شەرەفمەندانە لە ئۆپەراسیۆنی "دابینکردنی ئارامی".
٣. هاوسەنگییە قورسەکان: چۆن قەناعەت بە کورد بکرێت لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوێت؟ چۆن هەڵبژاردن لە داهاتوودا بکرێت بەبێ ئەوەی تورکیا تێکبچێت و وا بزانێت قەوارەیەکی سەربەخۆ دروست دەکرێت؟ چۆن گەمارۆی ئابووری لەسەر بەغدا بهێڵرێتەوە و لە هەمان کاتدا ڕێگە بە تورکەکان بدرێت بازرگانی سنووری بکەن؟
کۆتایی ڕاپۆرتەکە
باڵیۆز جۆن گۆڵدن لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پێداچوونەوە ساڵانەیە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی بەریتانیادا دابەشکراوە، لەوانە: وەزیری بەرگری، وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (ODA)، نوێنەرانی بەریتانیا لە (عەممان، دیمەشق، ڕیاز، تاران، پاریس، واشنتۆن)، نوێنەرانی لە یەکێتی ئەوروپا، ناتۆ، نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرماندەی هێزەکانی بەریتانیا لە ئۆپەراسیۆنی "واردن".
ئەم دابەشکارییە فراوانە گرنگیی زۆری دۆسیەی باکووری عێراق لەو سەردەمەدا بۆ شۆڕش و سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا دەسەلمێنێت. ڕاپۆرتەکە بە دەربڕینی ڕێزی فەرمی باڵیۆز و واژۆکەی وەک باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو لە ئەنقەرە کۆتایی دێت.
سەرچاوە: بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەرشیفی نیشتمانیی بەریتانیا (وەزارەتی دەرەوە - FCO 160/339)
ئامادەکاری ڕاپۆرت: جۆن گۆڵدن، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە (٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥)
ئاراستەکراو بۆ: دۆگلاس هێرد، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی بەریتانیا
بەڵگەنامە دیپلۆماسییە نهێنییەکانی بەریتانیا، کە لە ئەرشیفی نیشتمانیی ئەو وڵاتەدا پارێزراون، ڕاپۆرتێکی گرنگی ساڵانە ئاشکرا دەکەن کە لەلایەن باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە نووسراوە. ئەم ڕاپۆرتە هەڵسەنگاندنێکی فەرمی و وردی دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و مرۆیی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) پێشکەش دەکات، سێ ساڵ دوای سەپاندنی دژەفڕین و دامەزراندنی ئیدارەی کوردی لە دوای شەڕی دووەمی کەنداو.