پێش گەیشتنی بۆ هەولێر.. پەنجەرە ناوەڕۆکی پەیامەکەی تۆم باراک بۆ بەرپرسانی هەرێم ئاشکرا دەکات
١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا، بەر لە دەستپێکردنی سەردانە فەرمییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەجێندا و تەوەرەکانی گفتوگۆکانی بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێم ناردووە. بەپێی زانیارییەکان، سەردانەکەی نێردەی ئەمریکا سێ دۆسیەی سەرەکی و ستراتیژی لەخۆدەگرێت.
بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "باراک پێشوەختە ئەجێندای سەردانەکەی بۆ ناردووین، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر سێ دۆسیەی گرنگ کە بڕیارە لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی هەرێم گەنگەشەیان بکات."
تەوەرەکانی ئەجێندای سەردانەکەی تۆم باراک:
*پێکهێنانی حکومەتی هەرێم: خاڵی یەکەمی ئەجێنداکە بریتییە لە هەوڵدان بۆ لێکنزیککردنەوەی ڕاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، و هاندانی هەردوولا بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
*دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی واشنتۆن و تاران: لە خاڵی دووەمدا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا دواین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی گشتی ناوچەکە بۆ بەرپرسانی هەرێم ڕووندەکاتەوە. پێشبینیش دەکرێت دوور لە چاوی میدیاکان، چەند پەیامێکی گرنگیان پێبگەیەنێت.
*ڕێککەوتنی ئەمنی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا: خاڵی سێیەم و کۆتایی ئەجێنداکە تایبەتە بە پرسی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن، شانبەشانی تاوتوێکردنی پرسی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
بەرپرسەکەی هەرێم وتی: باراک ئەم سێ خاڵەی ناردووە پێش ئەوەی بگاتە هەولێر، بەڵام رەنگە لەکۆبوونەوەکاندا شتی تریش باس بکرێت.