پەنجەرە هۆکاری سەردانەکەی تۆم باراک بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

١٦ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە هۆکاری سەردانەکەی تۆم باراک بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، تایبەت بە پەنجەرەی ڕاگەیاند؛ تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ چەند دۆسیەیەکی تایبەت، سەردانێکی فەرمی بۆ بەغدا ئەنجامداوە و لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبووەتەوە.

سەرچاوەکە دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کرد، باراک دەیەوێت لە نزیکەوە ئاگاداری چۆنیەتی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینە وزارییەکەی زەیدی بێت، بەتایبەت ناسنامەی ئەو کەسانەی کە بڕیارە وەزارەتە بەتاڵەکان و پڕنەکراوەکان وەربگرن.

وتیشی: لەکۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەبارەی سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن کراوە.

پاڵپشتی بۆ زەیدی و پرسی میلیشیاکان

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا و زەیدی، تایبەت بووە بە میکانیزم و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چەکداڕنینی هێزە میلیشیاییەکان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان. سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە کە ئەنجامدانی ئەم سەردانە لەم کاتەدا، بە ئامانجی پیشاندانی پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی واشنتۆن بووە بۆ عەلی زەیدی.
پرسی هێزەکانی پێشمەرگە

سەبارەت بەوەی ئایا لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کراوە یان نا، سەرچاوە سیاسییەکە بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەدا، نەمبیستووە هیچ جۆرە گفتوگۆ یان ئاماژەیەک بە دۆسیەی هێزەکانی پێشمەرگە کرابێت."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو