سەردانەکەی تۆم باراک بۆ بەغدا و هەولێر؛ هەوڵێک بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٣٦ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
میدیای عێراقی لە زاری لایەنە سیاسییەکانەوە بڵاویکردەوە، کە جانتای نوێنەرەکەی ئەمریکا پێشنیازی هاوبەشیی تێدا نەبووە، بەڵکو "پەیامی ڕەش" و فشارێکی بێپێشینەی تێدابوو کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی بڕیاری سیاسیی عێراقە، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کارتی ئابووریی و هەڕەشەی گۆشەگیرکردنی نێودەوڵەتییەوە.
دەستوەردان لە پێکهێنانی حکومەت
پەیامە سیاسییەکانی نوێنەری ئەمریکا لە نەریتە دیپلۆماسییەکان لایانداوە و بوونەتە دەستوەردانێکی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ لە دۆسیەی پێکهێنانی حکومەت و تەواوکردنی کابینەی وەزاریی، ئەمەش بەپێی وتەی میدیای عێراقی.
واشنتۆن هەوڵ دەدات مەرج و پێوەرەکانی خۆی بەسەر پێکهاتەی حکومەتدا بسەپێنێت و تێپەڕاندنی ناوی دیاریکراو بکاتە مەرج، کە بەرژەوەندییەکانی خۆی مسۆگەر بکەن.
ئەم جووڵانە ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کارتەکانی لە ناوچەکەدا، تا بتوانێت ئەو زیانە سیاسی و سەربازییانە قەرەبوو بکاتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەری کەوتوون. ئەمەش لە ڕێگەی سەپاندنی هاوکێشەی نوێوە کە هاوتەریب بن لەگەڵ دیدگای ستراتیژیی و ئامانجەکانی بۆ بەهێزکردنی هەژموون و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕێکخستنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لەم چوارچێوەیەدا، فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەردانەکەی تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەغدا و هەولێر، چەندین پەیام و ئاماژە لەخۆدەگرێت کە پەیوەندییان بە جووڵەکانی واشنتۆنەوە هەیە بۆ کێشانی نەخشەیەکی نوێ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی دیدگا و بەرژەوەندییەکانی خۆی."
فەتلاوی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم سەردانە جیاناكرێتەوە لە هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتۆن بۆ ئاراستەکردنی پەیامی ڕاستەوخۆ بۆ حکومەتی عێراق سەبارەت بە چەندین دۆسیەی هەستیاری سیاسی و ئەمنی. ڕوونیشیکردەوە کە ئەمریکا دەیەوێت سیاسەتی نوێ بسەپێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە سەربازییەکانی پێشووی، بەتایبەت دوای خۆڕاگری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سیاسی ڕوون.
دۆلار وەک چەکێکی دارایی
لەلایەکی دیکەوە، قوسەی عەباس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆلار بۆ باجگیریی دارایی (ئیبتزاز) دژی عێراق بەکاردەهێنێت، و کاریگەریی و هەژموونی خۆی بەسەر سەرجەم مامەڵە و گواستنەوە داراییەکاندا دەسەپێنێت.
ههروهها وتیشی:دەستوەردانی ئەمریکا لە سیاسەتی دارایی عێراقدا، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پەکخستنی چەرخی ئابووریی و خاوبوونەوەی هەندێک لە ڕێکارە ئابوورییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا."
عێراق لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شێوازی هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ بەرامبەر بە عێراق بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی هەڕەشەی دابڕانی لە دەوروبەرە دارایی و نێودەوڵەتییەکەی، ئەوەش لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەغدا نەچێتە ژێر باری داواکارییەکانی ئەمریکا لە هەردوو دۆسیەی سیاسی و ئەمنیدا.
ئەم "پەیامە ڕەشانە" بڕیاربەدەستانی بەغدا دەخەنە بەردەم قۆناغێکی هەستیار و گرژ لە کێشمەکێشی دیپلۆماسیدا؛ بەجۆرێک ئێستا حکومەتی عێراق ناچارە هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی بڕیارەکانی و لەنێوان ڕووبەڕووبوونەوەی کارتە قورسەکانی گوشاری واشنتۆن کە دەیەوێت نەخشە ڕێگایەکی نوێ بەپێی ئارەزووی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت.