سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئایا ئەحمەد شەرع دەبێتە فریادڕەسی ئیسرائیل؟

٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٣٧ پێش نیوەڕۆ

سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئایا ئەحمەد شەرع دەبێتە فریادڕەسی ئیسرائیل؟

پەنجەرە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئیسرائیل ڕێگە بە سوریا بدات "ململانێ لەگەڵ حزبوڵادا بکات"، بەو پێیەی بە بڕوای ئەو، دیمەشق دەتوانێت ئەم ئەرکە "بە شێوەیەکی باشتر" جێبەجێ بکات.

ئەم پێشنیارە کە ترەمپ لەم مانگەدا دوو جار دووبارەی کردووەتەوە، دەست دەخاتە سەر قووڵترین مەترسییەکانی لوبنان؛ کە ئەویش مێژووی درێژی دەستوەردانی سوریایە لە کاروباری وڵاتەکەیان.

هێشتا ڕوون نییە ترەمپ بە تەواوی دەیەوێت چی بکات؛ ئایا مەبەستی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوریایە لە باشووری لوبنان، یان بڕینی هێڵەکانی گواستنەوەی چەک بە زەبری هێز؟ هەرکام لەم دوو بژاردەیەش بن، ترسی گەورە لە ناوخۆی لوبناندا دروست دەکەن.

مێژوویەک لە ململانێ و بێمتمانەیی

سوریا بۆ ماوەی نزیکەی سێ دەیە هەژموونی بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی لوبناندا هەبوو. هێزەکانی سووریا بۆ یەکەمجار لە کاتی شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵی 1976دا وەک "هێزی ئاشتیپارێز" چوونە ئەو وڵاتە، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی شەڕیش بۆ ماوەیەکی درێژ مانەوە، کە زۆرێک لە لوبنانییەکان وەک "داگیرکاری" سەیریان دەکرد. 
ئەو قۆناغە بە هەزاران حاڵەتی ڕفاندن، بێسەروشوێنکردن و کوشتنی بەخۆوە بینی، ئەمەش بێمتمانەییەکی قووڵی لەنێوان هەردوو لادا دروست کرد؛ بۆیە هەر دەستوەردانێکی نوێی سوریا لە لوبنان، لە ڕووی جەماوەرییەوە بە تەواوی ڕەتکراوە دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵای لوبنان کە گرووپێکی چەکداریی شیعەی سەر بە ئێرانە لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریادا، لە پێناو پاراستنی هێڵی گواستنەوەی چەک کە ئێران و عێراق و سووریای پێکەوە دەبەستەوە، پاڵپشتیی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریای کرد و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا.

پەیوەندیی نێوان ئەسەد و حزبوڵا لەسەر بنەمای دوژمنکاریی هاوبەش بەرامبەر بە ئیسرائیل و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران بنیات نرابوو. بەڵام ئەم هاوکێشەیە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی 2024 و هاتنەسەرکاری ئەحمەد ئەلشەرع (سەرکردەی تەحریر شام و جیهادی پێشووی قاعیدە) کۆتایی هات. 

ئەلشەرع گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە سووریا دەرکرد و ڕووی لە ڕۆژاوا کرد، ئەمەش وایکرد چەندین جار لەلایەن ترەمپەوە وەک "پیاوێکی بەهێز" و "شەڕکەر" وەسف بکرێت. کۆتایی هەفتەی ڕابردووش، ئەلشەرع دەنگۆکانی دەستوەردانی سووریای لە لوبنان ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم هەواڵانە "دوورن لە ڕاستییەوە".

تێکچوونی هاوسەنگیی تائیفی و مەترسیی "سندوقی پاندۆرا"

سندوقی پاندۆرا ئاماژەیە بۆ چەمکێکی کۆن و ئەفسانەی یۆنان، بەڵام لە ئێستادا وەک زاراوەیەکی سیاسی و دەربڕینێکی مێژوویی بەکاردێت بۆ وەسفکردنی بارودۆخێک کە ئەگەر دەستی تێوەبدرێت، کێشە و نەهامەتیی وای لێ دەکەوێتەوە کە چیتر کۆنترۆڵ ناکرێت.

هەر دەستوەردانێکی ئەگەری لەلایەن دەسەڵاتی نوێی سووریاوە (کە ڕەگی ئیسلامی توندڕەوی هەیە)، هاوسەنگییە تائیفییە هەستیارەکەی لوبنان دەشێوێنێت، بەتایبەت بەهۆی دوژمنکاریی مێژوویی ئەم سەرکردایەتییە نوێیە بەرامبەر بە پێکهاتەی شیعە، کە بەشێکی سەرەکیی دانیشتووانی لوبنان پێکدەهێنن. پێدەچێت ئەم هەنگاوە لە جیاتی لاوازکردن، پێگەی حزبوڵا بەهێزتر بکات.

مایکل یۆنگ، پسپۆڕی کاروباری لوبنان و گەورە نووسەر لە ناوەندی کارنێگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم بیرۆکەیەی ترەمپ بە "تەواو بێبنەما و بێهودە" وەسف دەکات و بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە:”ڕەهەندە تائیفییەکە لێرەدا زۆر مەترسیدارە. ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونی لوبنان و خولقاندنی کارەسات؛ هاوشێوەی کردنەوەی سندوقی پاندۆرایە (سەرچاوەی شەڕ و نەهامەتی). ئەگەر ئەلشەرع هەنگاوێکی وەها بنێت، هەڵەیەکی کوشندە دەکات."

یۆنگ ئاماژە بەوەش دەکات کە سوپای نوێی سووریا لەلایەن سەلەفییەکانەوە کۆنترۆڵ کراوە و چەندین تۆمەتی پێشێلکارییان بەرامبەر کەمینە ئاینییەکان لە سووریا لەسەرە. لوبنان کۆمەڵگەیەکی فرەتائیفەیە و زیاتر لە 12 پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی تێدایە (لەوانەش یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵگە مەسیحییەکانی ناوچەکە). 

بە بڕوای یۆنگ، تەنانەت ئەو لایەنانەی دژی حزبوڵاشن، لە ترسی سوپای نوێی سووریا، ڕەنگە حزبوڵا هەڵبژێرن: "ئەمە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی مەسیحی، دروز و شیعەکان، و لەجیاتی لاوازکردنی حزبوڵا، پێگەی بەهێزتر دەکات."
جگە لەوەش، هێشتا ڕادەی کۆنترۆڵی ئەلشەرع بەسەر سوپای سووریادا جێی گومانە، ئەمەش مەترسیی بڕیارەکە زیاتر دەکات. ڕاکێشانی سووریا بۆ ناو کێشەی حزبوڵا، لوبنان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو زۆنگاوێکی ناوچەیی کە حکومەتی بەیرووت بە سەختی هەوڵی ڕزگاربوون لێی دەدات.

گرژییەکانی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ

لە کاتێکدا لوبنان هەوڵی چەسپاندنی سەروەریی خۆی دەدات، ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە هێزەکانی لە باشووری ئەو وڵاتە بکشێنێتەوە.
 بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئێران، مەرجی کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنانی تێدا نییە.
سەرباری ئەمەش، ترەمپ نیگەرانیی خۆی لە ڕەفتارەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەشاردەوە و بە ڕۆژنامەنووسانی گوتووە کە پێویستە نەتانیاهۆ "بەرپرسیارتر بێت بەرامبەر بە لوبنان". 
لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار ترەمپ و نەتانیاهۆ ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە، چونکە ترەمپ پێیوایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا، ڕێگرن لەبەردەم هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
نەتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ یەکەمجار لەسەر چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمریکا-ئێران دوا و گوتی کە ئەو و ترەمپ "هەمیشە کۆک نین". نەتانیاهۆ گوتی: ئەو سەرۆکی ئەمریکایە و منیش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلم. من بەرپرسیارم لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و دەبێت ئەوە بە ژیرییەوە بکرێت."

هەروەها جەختی کردەوە کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بە تەمای کشانەوە نییە لە باشووری لوبنان، غەززە، یان سووریا، لە پێناو "بەرگریکردن لە وڵاتەکەی".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو