لە حەسەکەوە بۆ عەفرین؛ وردەکاری ڕێککەوتنی سەربازیی دیمەشق و هەسەدە و خاڵە ناڕوونەکان

٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٣٩ پێش نیوەڕۆ

لە حەسەکەوە بۆ عەفرین؛ وردەکاری ڕێککەوتنی سەربازیی دیمەشق و هەسەدە و خاڵە ناڕوونەکان

پەنجەرە

لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، پڕۆسەی تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە بە دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانی دەوڵەت بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی چەندین یەکەی سەربازیی یەکلایی کراوەتەوە.

دابەشبوونی هێزەکان و نەخشەی جێگیربوونیان

 فیرقەی ٦٠ی سوپای سوریا: سێ لیوای سەر بە هەسەدە کە ٥,٠٠٠ شەڕڤان لەخۆدەگرن، دەخرێنە چوارچێوەی ئەم فیرقەیەوە و لە ناوچەکانی (حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک) جێگیر دەکرێن.
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ: نزیکەی ٤,٠٠٠ شەڕڤانی تر گواستراونەتەوە بۆ ناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوە ئەمنییە جیاوازەکان.

 سەربازانی عەفرین: لە ئێستادا ٢,٠٠٠ گەنجی کوردی ناوچەی عەفرین لە چاوەڕوانیدان بۆ ئەوەی وەک سەرباز لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەربازیی تایبەت بەو ناوچەیە دابمەزرێن.

 کەرتی مەدەنی: ژمارەیەکی بەرچاو لە شەڕڤانانی پێشوو لە دامەزراوە ناسەربازیی و مەدەنییەکاندا دەستبەکار بوون و گونجێندراون.

دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان و خاڵە ناڕوونەکان

سەرەڕای ئەم بەرەوپێشچوونانە، هێشتا چەند کێشەیەکی سەرەکی لە نێوان هەردوو لایەندا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن: 

١. چارەنووسی ٨,٠٠٠ شەڕڤان:
تا ئێستا چارەنووسی هەشت هەزار شەڕڤانی تر یەکلایی نەکراوەتەوە و تێکەڵ بە هیچ دامەزراوەیەکی سەربازیی یان ئەمنی نەکراون. لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان دیمەشق و هەسەدەدا بەڕێوەدەچێت بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بەمەبەستی نیشتەجێکردن و دیاریکردنی شوێنی گونجاو بۆ ئەم هێزە.

٢. دۆسیەی هێزەکانی یەپەژە (YPJ):

پرسی هێزەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەک یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی نێوان سوریا و هەسەدە ماوەتەوە؛ چونکە حکومەتی سوریا ڕەتیدەکاتەوە وەک هێزێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم یەکەیەدا بکات، ئەمەش وایکردووە دۆسیەکە بە نادیاری بمێنێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو