کەتائیبی حزبوڵای عێراق داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک ڕەتدەکاتەوە و هۆشداریی "شەڕی مان و نەمان" دەدات
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٤١ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بە جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەبو حوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی حزبوڵای عێراق، ڕەتیکردەوە هێزەکانی دەستبەرداری چەک ببێت.
حەمیداوی ئاماژەی بەوە کرد کە خولێکی تری شەڕ بە "سەرکەوتنێکی تەواو" کۆتاییهاتووە، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هێشتا ڕووبەڕووبوونەوەکە بەردەوامە و قۆناغەکانی داهاتوو "مەترسیدارتر و سەختتر" دەبن، ئەمەش پێویستی بە مانەوەی هێزەکانیان هەیە لە لوتکەی ئامادەباشیدا.
ئەم پەیامە توندەی کەتائیبی حزبوڵا ڕاستەوخۆ دوای سەردانەکەی تۆم باراک بۆ عێراق دێت، کە تێیدا داوای داماڵینی چەکی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی کردبوو. حەمیداوی بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بە هیچ جۆرێک ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن.
ڕەتکردنەوەی "لاپەڕەی نوێ"
حەمیداوی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بیرۆکەی کردنەوەی "لاپەڕەیەکی نوێ"ی لەگەڵ ئەو لایەنانەی بە "دوژمن" ناوی بردن ڕەتکردەوە و وتی: بە دروشمی لاپەڕەی نوێی ئەو دوژمنانەی کە سەرکردەکانمانیان تیرۆر کردووە و گەلانیان کردووەتە ئامانج فریو نادرێین."
هاوکات لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەمدا، ئەمینداری گشتیی کەتائیب ڕایگەیاند کە یادەوەرییەکانی عاشورا و جیهادی ئیمام حوسێن، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ڕاوەستان لە دژی ستەمکاران فەرمانێکی خواییە. ئەو دوژمنەکانی بە "دڕندەی مرۆیی" وەسف کرد کە ناتوانرێت متمانە بە بەڵێنەکانیان بکرێت و چاوپۆشیکردن لە فێڵەکانیانی بە "گەمژەییەکی ڕەها" دانا.
حەمیداوی لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر لایەنە نەیارەکان و تۆمەتباریکردن بە تیرۆرکردنی سەرکردە و زانایان، لەوانەش حەسەن نەسروڵا و سەرکردەکانی تر، هاوڕێ لەگەڵ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە دەیان هەزار کەس لە غەززە، لوبنان، یەمەن، ئێران، سوریا و عێراق.
نەخشەی نوێی جیهان و هۆشداری بە نەیاران
بەیاننامەکە شەڕی ئێستا بە ململانێیەکی بنەڕەتی و "شەڕی مان و نەمان" وەسف دەکات. حەمیداوی ڕایگەیاند کە لەم شەڕەدا "سەرەکان دەپەڕێنرێن و دەوڵەتان لەسەر نەخشە دەسڕێنەوە"، تا دواجار جیهانێکی نوێ لەسەر بنەمای دادپەروەری و کەرامەت دێتە کایەوە و تەختی ستەمکاران تێکدەشکێت. هەروەها هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئەو لایەنانە کرد کە پاڵپشتی دوژمن دەکەن و ڕایگەیاند کە دەبێت چاوەڕێی "سزای خودایی" بن.
سوپاسگوزاری بۆ "بەرەی مقاوەمە"
له کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەبو حوسێن حەمیداوی شانازی خۆی بە هاوپەیمانەکانیانەوە دەربڕی و سوپاسی ئەو لایەنانەی کرد کە بەشداربوون لەو سەرکەوتنەدا، لەوانە:
حزبوڵای لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئێران و یەمەن.
هێزەکانی بەرگریی ئیسلامی لە فەلەستین، عێراق و بەحرێن.
خەڵکی شام، عەشایەرەکان، و زانا ئاینییە دڵسۆزەکان.
حەمیداوی پێزانینی قووڵی خۆی ئاڕاستەی مەرجەعە باڵاکانی ئایین کرد بۆ هەڵوێستە "مێژوویی، بوێر و شەریفانەکانیان" لە پاراستنی ئیسلام و پەیڕەوانیاندا.