لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران؛ ئایا گرووپە میلیشیاکان دەبنە قوربانی؟ 

٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٥٤ پێش نیوەڕۆ

لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران؛ ئایا گرووپە میلیشیاکان دەبنە قوربانی؟ 

پەنجەرە

سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بە "الحرة"ی ڕاگەیاندووە، تۆم باراک لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، داوای لە حکومەت کردووە خشتەیەکی کاتی دابنێت بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا کار دەکەن.

ئەمریکا و ئێران لە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی نزیک دەبنەوە کە ڕەنگە گرژییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە، بێ ئەوەی ڕوون بێت کە ئەم لێکتێگەیشتنە یەکێک لە هەستیارترین دۆسیەکانی ناوچەکە دەگرێتەوە یان نا، کە ئەویش گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تارانە.

ماتیۆ لێڤیت، سەرۆکی بەشی دژەتیرۆر و هەواڵگریی لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک دەڵێت: "هێشتا ڕوون نییە تا چ ڕادەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەگرێتەوە."

زۆربەی گرووپە چەکدارەکانی ئێستای عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ دروستبوون، پاشان هەژموونیان بە شێوەیەکی بەرفراوان گەشەی کر، دوای ئەوەی ڕێکخراوی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕووبەرێکی بەرفراوانی لە عێراق داگیرکرد.

زۆرێک لەم گرووپانە پەیوەندی سیاسی، سەربازی و ئایدۆلۆژییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بە تایبەتی لەگەڵ فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە مەشقپێکردن، پڕچەککردن و پشتگیریکردنی ژمارەیەک لەوان.

ئەم گرووپانە عەسائیب ئەهلی حەق، کەتیبەکانی حزبوڵا، بزوتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، لەگەڵ پێکهاتەکانی تری هێزەکانی حەشدی شەعبی یان ئەوانەی هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکەن، لەخۆدەگرن.

لە کاتی شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا، ئەم گرووپانە شەرعیەتێکی بەرفراوانیان لە ناو عێراقدا بەدەستهێنا بەهۆی بەشداریکردنیان لە شەڕەکاندا لە پاڵ هێزە حکومییەکاندا. بەڵام دواتر ڕۆڵیان بۆ دەرەوەی گۆڕەپانی عێراق فراوانتر بوو، بە جۆرێک هەندێک لەو گرووپانە لە ناو سوریادا بەشداریی شەڕیان کرد بۆ پشتگیریکردنی ڕژێمی ئەسەد، لە ساڵانی ڕابردووشدا تێوەگلان لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە پەیوەندییان بە ململانێ هەرێمییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە هەیە.

چاودێران دەڵێن، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران هەوڵ دەدات هاوسەنگییەکی هەستیار ڕابگرێت لە نێوان لەخۆگرتنی گرووپەکان لە ناو پرۆسەی سیاسیدا و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ناوخۆیی لەسەر هەژموون و سەرچاوەکان.

سەبارەت بە گرووپە عێراقییەکان، ڕەنگە کاریگەری هەر ڕێککەوتنێکیان بەربکەوێت تەنانەت ئەگەر ناوی ئەوانیش لە دەقە ڕاستەوخۆکانیدا نەبێت. کەمبوونەوەی گرژی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا ڕەنگە مەودایەک بداتە ئەم گرووپانە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی بارودۆخیان، لە کاتێکدا شکستهێنانی لێکتێگەیشتنەکە ڕەنگە بیانگەڕێنێتەوە بۆ پێشەوەی ڕووبەڕوبوونەوەکان.

چاودێران دەڵێن، گرووپە عێراقییەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەوڵ دەدەن سوود لە هەر قۆناغێکی ئارامی وەربگرن بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان و بەهێزکردنی توانای سەربازییان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو