شارەزایەکی یاسایی: فرەکوێخایی و ناکۆکیی ناوخۆیی، پێگەی نێودەوڵەتیی کوردی لاواز کردووە
٢٠ حوزەیران ٢٠٢٦ - ١١:٥٥ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، پێگەی هەرێمی کوردستانی لەبەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕووبەڕووی پاشەکشەی جدی کردووەتەوە؛ ئەمە ناوەڕۆکی هۆشداریی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی یاسایە لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە.
فرەجەمسەری لە بەردەم شاندە نێودەوڵەتییەکاندا
چۆمان محەمەد، چاودێری سیاسی و شارەزای بواری یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پەنجەرە، تیشکی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی تۆم باراک بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند:
تۆم باراک کاتێک سەردانی بەغدای کرد، تەنیا لەگەڵ خاوەن پێگە دەستووریی و دامەزراوەییە فەرمییەکاندا کۆبووەوە، بەڵام کاتێک هاتە هەرێمی کوردستان، بەهۆی پەرتەوازەیی لایەنەکانەوە، ناچار بوو چوار کۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ سەرکردایەتیی کورددا ئەنجام بدات."
ئەو شارەزا یاساییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم جیاوازییەی مامەڵەکردن لە کاتێکدایە کە کورد لە هیچ قۆناغێکدا هێندەی ئێستا پێویستی بەوە نەبووە بیروڕا و هێڵە گشتییەکانی لە یەکترەوە نزیک بن.
فرەکوێخایی؛ زەبرێکی کوشندە لە دۆسیە ستراتیژییەکان
چۆمان محەمەد ڕەخنەی توند لە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیە ناوخۆییەکان دەگرێت و دەڵێت: "ئەم فرەکوێخایی، فرەجەمسەری و ناکۆکییە قووڵەی کە لە ئێستادا لە دۆسیەکانی هێزی پێشمەرگە، گومرک و پرسی دارایی و بودجەدا هەیە، گرفت و لەمپەری زۆر گەورەی بۆ هەرێم دروستکردووە."
ئەو چاودێرە سیاسییە جەختی لەوەش کردەوە کە لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی نێودەوڵەتیدا، کورد تاکە کارتی هێزی ئەوەیە کە نێوخۆی خۆی ڕێکبخاتەوە و لە یەکتری نزیک بێت.
هۆشدارییەک بۆ پاشەڕۆژ
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ پەنجەرە، چۆمان محەمەد هۆشداریی لە بەردەوامیی ئەم دۆخە دا و ڕایگەیاند: بەردەوامبوون بەم فۆرمە ئێستای شێوازی حوکمڕانی و ململانێکان، هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ پێگە و قورسایی هەرێمی کوردستان لەسەرجەم ئاستەکاندا بەرەو لاوازیی زیاتر بڕوات.